ڕاست ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە تێیدا بافڵ تاڵەبانی دەردەکەوێت لە کاتی هێرشکردنە سەر هاوڕێیەکی لە هۆڵێکی لەشجوانی لە بەریتانیا؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت: "سەرۆکی یەکێتی لە هۆڵێکی لەشجوانی بەریتانیا چۆن پەلاماری هاوڕێەکی دەدات؟ مێژووی ڤیدیۆکە بۆ بەر لە١٦ساڵ دەگەڕێتەوە".
ڕاستییەکە
ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، لە کاتی گەڕان بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڤیدیۆیە، گەشتین بە ڤیدیۆ ڕەسەنەکە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕووسی VK لە بەرواری 26ی ئابی 2013 بڵاوکراوەتەوە.
لە ڤیدۆ ڕەسەنەکە سات و بەرواری تۆمارکردنی ڤیدیۆکە دیارە کە لە ڕێگەی کامێرای چاودێریەوە لە بەرواری 17ی تشرینی دووەمی 2012 تۆمارکراوە، لەگەڵیدا دەقێک هاوپێچکراوە کە باسی زانیاریەکانی ڤیدیۆکە دەکات و دەڵێت کە ڤیدیۆکە لە یانەیەکی شەوانەی شاری فوتکینسکی ڕووسیا تۆمارکراوە.

دەربارەی هۆکاری ڕووداوەکە ئاماژەی پێدراوە کە ئەو کەسەی لێیدراوە سوکایەتی بە پاسەوانەکە کردووە و جوێنی پێداوە و پێی گوتووە: نازی و فاشیست و کەچەڵ، بەو هۆیە لێیداوە و کەوتوەتە سەر زەوی.

ئەوەش ئەو ئیدیعایە ڕەتدەکاتەوە گوایە ئەو کەسەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (بافڵ تاڵەبانی)ە لە بەریتانیا.