ڕاستی ئەو نامەیە چییە کە گوایە بانکی رافیدەین بەهۆی ساڵی تازەوە دیاری دابەش دەکات؟

لە ئەپڵیکەیشنەکانی نامە ناردن نامەیەک بڵاوبووەتەوە کە بەستەرێک لە خۆ دەگرێت و نوسراوە "بانکی رافیدەین - دیاریەکانی سەری ساڵ".

ڕاستییەکە
ئەو بەستەرەی بڵاوکراوەتەوە سکامە، لەپاش پشکنینی لە ڕێگای ماڵپەڕی (VirusTotal) کە تایبەتە بە پشکنین و شیکارکردنی فایل و بەستەر کە بۆ دەرخستنی ڕێژەی سەلامەتی، دەرکەوت کە زیانبەخشە و بەکاردێت بۆ فیشینگ.

هەروەها کردنەوەی بەستەرێک کە سەرچاوەکەی نەزانراوبێت زەرەر دەگەیەنێت بە بەکارهێنەرەکە لە ڕێگای دەستگرتن بەسەر زانیاریە کەسیەکانی و بەکارهێنانی بۆ هەڕەشەی ئەلیکترۆنی، یاخود لەوانەیە IP بەرێت و بەکاریبهێنێت بۆ گەشتن بەو ئامێرانەی کە هەمان تۆڕی ئەنتەرنێت بەکار دەهێنن بۆیە پێشنیار دەکەین کە خۆتان بەدوور بگرن لەو ماڵپەڕ و بەستەرانەی کە سەرچاوەکانیان نادیارە.

هەروەها بانکی رافیدەین لە بەرواری 9 کانوونی یەکەمی 2023 ئاگاداریەکی بڵاوکردەوە کە مامەڵە نەکەن لەگەڵ ئەو پەڕە و هەژمار و ماڵپەڕ و بەستەرانەی کە ساختەن بە ناوی ئەوانەوە گوایە دیاری و پارە دەبەخشنەوە یاخود ئۆفەر پێشکەش دەکەن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ کردنەوەی ئەو ماڵپەرە ساختانە یاخود ئەو پەڕە ساختانەی کە گوایە پێشبڕکێیان ڕێکخستووە یاخود پڕکردنەوەی فۆرمی ڕاپرسی بەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارە بۆ ئەوەی بکەونە داوی هەڵخەڵەتاندنەوە.
هەروەها بانکی رافیدەین جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەو هەواڵانە بکەن کە لەڕێی ماڵپەڕ و هەژمارە فەرمیەکانیان بڵاو دەکرێتەوە.