ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چیە کە گوایە ساتی گەشتنەوەی تەرمی سەربازانی ئیماراتە کە شان بە شانی ئیسرائیل بەشداریان کردووە لە هێرشە زەمینیەکانی بۆ سەر کەرتی غەزە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "کەلاکە توپیوەکانی ئیمارات".

ڕاستییەکە
ئەو ڤیدیۆیە کۆنە و پێشتر لە ساڵی 2015، لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە، کە ساتی گەشتنەوەی تەرمی سەربازانی ئیماراتە کە لە تەقینەوەیەک کوژراون کە کۆگایەکی چەکی کردبووە ئامانج لە پارێزگای مەئرب لە باشووری یەمەن، كە لە ئەنجامدا 10 سەربازی سعودی، 45 سەربازی ئیماراتی، 5 سەربازی بەحرەین کوژران، لەگەڵ چەندین بریندار.

ئەوەش ئەو هەواڵە ڕەتدەکاتەوە کە لە ڤیدیۆکە دەڵێت تەرمی ئەو سەربازانەی ئیماراتە کە شان بە شانی ئیسرائیل لە هێرشە زەمینیەکانی بۆ سەر کەرتی غەزە بەشداریان کردووە.

هەروەها بە پێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیمارات کە لە بەرواری 28 تشرینی یەکەمی 2023 بڵاویکردۆتەوە، ئیمارات ئیدانەی ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر کەرتی غەززە کردووە، هەروەها "نیگەرانی قووڵی" خۆی دەربڕیوە لە پەرەسەندنی جوڵە سەربازیەکانی ئیسرائیل کە دەبێتە هۆی شەهیدبوونی خەڵکی سڤیل.