ئۆکتۆبەری پەمەیی، مانگی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک

پێشەکی:

مانگی تشرینی یەکەمی/ئۆکتۆبەری هەموو ساڵێک تایبەت کراوە بە هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک لەلایەن ئافرەتان و کۆمەڵگا بە گشتی، ئەوەش لە پێناو هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی توشبوون بەو نەخۆشیە و چۆنیەتی خۆپاراستن لێی.

پێناسەی شێرپەنجەی مەمک:

نەخۆشیەکە کە خانەکانی ناو مەمک بە شێوەیەکی نا سروشتی و لە کۆنترۆڵ دەرچوو زیاد دەکەن، زۆربەی کات شێرپەنجەی مەمک لە بەشە سەرەکیەکانیەوە دەست پێدەکات(ڕێڕەوەکانی مەمک یاخود لۆبەکانی مەمک) ،دەتوانێت بڵاوببێتەوە بۆ دەرەوی مەمک لە ڕێگای دەمارەکانی خوێن و دەمارە لیمفاویەکان.

 

جۆرەکانی شێرپەنجەی مەمک:

چەندین جۆر لە شێرپەنجەی مەمک هەیە و هەر دانەیەکیان پشت دەبەستێت بە جۆری ئەو خانەیەی کە لە مەمکدا هەیە و دەبێتە شێرپەنجە، باوترین جۆری:

  • شێرپەنجەی کەناڵی هێرشبەر: هەروەها بە ناوی (سرطان الأقنية المتسلل) دەناسرێت، خانە شێرپەنجەییەکان لە کەناڵەکان دروست دەبن دواتر گەشەدەکەن بۆ دەرەوەی کەناڵەکان و شانەکانی تری مەمک.
  • شێرپەنجەی پلی هێرشبەر: خانە شێرپەنجەییەکان درووست دەبن لە لۆبولەکان و دواتر گەشەدەکات بۆ شانەکانی تری مەمک کە لێوەی نزیکن. ئەم جۆرە شێرپەنجە هێرشبەرانە دەتوانن گەشە بکەن بۆ بەشەکانی تری جەستە.

 

ئەو کەسانەی کە تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن:

شێرپەنجەی مەمک توشی ئافرەتان و پیاوان دەبێت، بەڵام ئافرەتەکان زیاتر تووش دەبن، تەنها لە ساڵی 2020 نزیکی 2.3 ملیۆن ئافرەت توشبوونە و 685000 حاڵەتی مردن بە شێرپەنجەی مەمک تۆمارکراوە،لە کاتێکدا ڕێژەی تووشبوونی پیاوان بە شێرپەنجەی مەمک 0.5-1%.

نیشانەکانی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک:

  • دەرکەوتنی گرێ.
  • دەرکەوتنی لوو.
  • وشکبوون و هەڵقلیشانی پێست.
  • دەرچونی دەردراوە لە گۆی مەمکەوە.
  • دەرکەوتنی پەڵەی سوور یاخود برین.
  • گۆڕانی پێکهاتەی پێست.
  • بچوک بوون یاخود گەورەبوونی قەبارەی لایەکیان.
  • گۆڕانی شێوەی سەر گۆیەکان یاخود پێستەکەی دەوری.

 

تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک:

توشی شێرپەنجەی مەمک دەبیت کاتێک هەندێ خانەی مەمک دەست دەکەن بە زیادبوون بە شێوەیەکی نا سروشتی و خێراتر دابەش دەبن لە چاو خانە سەلامەتەکان، لەوانەیە ئەم خانانە لە چەند بەشێکی جیاوازی جەستە بڵاو ببنەوە، لە هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک:

  • شێرپەنجەی مەمکی بۆماوەیی (هەبونی توشبوو بەو نەخۆشیە لە خێزانەکەتدا).
  • گەورەبوونی تەمەن.
  • بەرکەوتنی تیشک.
  • قەڵەوی.
  • بەکارهێنانی دەرمانی هۆرمۆنی.
  • خواردنەوەی مادە کحولیەکان.

 

مەبەست لەم هەڵمەتە کەمکردنەوەی ڕێژەی تووشبوونە بە شێرپەنجەی مەمک لە ڕێگەی زوو دەستنیشانکردنی، چونکە هەتا زووتر نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت، ئەگەری چاکبوونەوە زیاترە و ئاسانتر چارەسەر دەکرێت لەوەی نەخۆشییەکە درەنگ بدۆزرێتەوە،بۆیە داواتان لێدەکەینە کە پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک بکەن،لە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک داواتان لێدەکەین کە بەردەوامبن لە سەر چارەسەر وەرگرتن و سەردانی کردنی پزیشک هەتاکوو بە تەواوی چاک دەبنەوە.