ڕاستی هەواڵی تۆمارکردنی 4 هەزار حاڵەتی ئایدز لە بەری ڕەسافە لە بەغداد چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "لە بەغداد 4 هەزار حاڵەتی ئایدز تۆمارکراوە تەنها لە بەری ڕەسافە لە نێو منداڵ و گەورەدا کە لە ڕێگای خوێن و سەر چاککردن و ئەو شلەمەنیانەی دەکرێنە جەستەوە دەگوازرێتەوە، هەروەها سێکس، ئەوەی زیرەک بێت تێدەگات".

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، لە کاتی گەڕان بۆ لێکۆڵینەوە لە هەواڵی تۆمارکردنی 4 هەزار حاڵەتی ئایدز لە بەری ڕەسافە نەگەشتین بە هیچ سەرچاوەیەک کە ئەو هەواڵە پشتڕاستبکاتەوە.

هیچ لایەنێک لە وەزارەتی تەندروستی یاخود فەرمانگەی تەندروستی ڕەسافە هیچ ئامارێکی هاوشێوەیان لەم دواییانە تۆمار نەکردووە.

هەروەها هیچ ماڵپەڕێک یاخود دەزگایەکی راگەیاندن هەواڵی هاوشێوەیان بڵاونەکردوەتەوە.

لەلای خۆیەوە وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی (سەیف بەدر) لە لێدوانێکیدا بۆ تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کەوا دوورە لە ڕاستییەوە.

جێی باسە سەیف بەدر لە چاوپێکەوتنێکیدا لە بەرواری 28 شوباتی 2024 بۆ کەناڵی عێراقیە ڕایگەیاند کەوا

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کەمترین ڕێژەی ئایدزی تێدا تۆمارکراوە

لەو کاتەدا گوتی

لە ئێستادا زیاتر لە 2000 عێراقی توشی ئایدز بوونە، ئەم ڕێژەیە کەمترە لە ڕێژەی جیهانی و وڵاتانی دەوروبەر"

هەروەها

 7 توشبووی ئایدزمان تۆمارکردووە لە نێو منداڵان هەتاکو تەمەنی 4 ساڵی

سەیف بەدر گووتی" جگە لە سێکسی نەپارێزراو، گواستنەوەی خوێن و هاوشێوەکانی و چاندنی ئەندامەکانی جەستە و ئامێرە بەکارهێنراوەکان لە تاتۆ و کەڵەشاخ و ئامێرە بریندارکەرەکان"هۆکاری گواستنەوەی ئایدزن.