ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە دکتۆرێکی بەریتانی دان دەنێت بە دروستکردنی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون و ڤاکسینەکەی؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "لە دەمی خۆیانەوە ڕاستیەکان بزانن زۆر شەڕی بایۆلۆجییە پزیشکێکی بەریتانی ئەێت لێرە لە پشتمەوە ئەو تاقیگەیە هەیە کە تێیدا ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون دروست ئەکەین کە بەسەر دەموچاو و جەستەدا بڵاودەبێتەوە هەروەها ڤاکسین ـەکەش لێرەدا دروست ئەکەین ئەیانەوێت زۆری خەڵکی بکوژن جا بە ڤایرۆس بێت یان بە ڤاکسینی ژەهراوی بێت".

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایەی هاوپێچکراوە ساختەیە، بەو پێیەی ئەو کەسەی لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت دکتۆرێکی بەریتانی نییە کە دان دەنێت بە دروستکردنی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون و ڤاکسینەکەی.

ئەو کەسەی دەردەکەوێت کەسایەتییەکی میدیایی بەریتانیە بەناوی (کەیتی هۆپکنز)، هەستاوە بە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە لە بەرواری 16ی ئابی 2024 لەسەر هەژمارە فەرمیەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا بە گاڵتەجاڕیەوە ڕۆڵی (کرێس وایتی) گەورە ڕاوێژکاری زانستی پزیشکی لە حکومەتی بەریتانیا دەگێڕێت، سەبارەت بە باری نائاسایی جیهان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون کە پێی دەوترێت (Mpox).