نەخۆشی پێ و دەم چییە؟ ئایا مرۆڤ تووش دەبێت و لە ڕێگەی گۆشتی تووشبووەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە؟

عێراق ڕووبەڕووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی پێ و دەم بووەتەوە لە نێو سامانی ئاژەڵیدا، ئەمەش بووەتە هۆی تۆمارکردنی چەندین تووشبوون لە چەند ناوچەیەک لە پارێزگا جیاوازەکان.

نەخۆشی پێ و دەم چییە؟

نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە کە بە یەکێک لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان دادەنرێت کە تووشی ئاژەڵ دەبێت، وەک مانگا و گامێش و مەڕ و بزن. بەهۆی ڤایرۆسی نەخۆشی دەم و پێ (FMDV)ەوە دروست دەبێت.

سروشتی نەخۆشییەکە

ئەم نەخۆشییە بە خێرایی بڵاوبوونەوەی و کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمه ئاژەڵییەکان دەناسرێتەوە، کە دەبێتە هۆی زیانێکی بەرچاوی ئابووری، ڤایرۆسەکە بە بوونی حەوت جۆری سەرەکی دەناسرێتەوە، کە لەڕووی بەرگرییەوە جیاوازن، واتە تووشبوونی ئاژەڵێک بە جۆرێکی بەرگری لە بەرامبەر جۆرەکانی تردا پەیدا ناکات، ئەمەش پرۆسەی خۆپاراستن و کوتانەکەی ئاڵۆزتر دەکات.

ڕێگاکانی گواستنەوەی:

ڤایرۆسەکە بە ئاسانی لە نێوان ئاژەڵە تووشبووەکان و تەندروستەکاندا بە چەند شێوازێک دەگوازرێتەوە، لەوانە:

  1. بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ: لە ڕێگەی لیک و شیر و میز و پیسایی ئاژەڵە تووشبووەکانەوە یاخود هەڵمژینی دڵۆپە لە دەم و لوتی ئاژەڵێکی تووشبوو.
  2. بەرکەوتنی ناڕاستەوخۆ: لە ڕێگەی شتە پیسبووەکانی وەک جلوبەرگ و ئامێرەکانی ئاژەڵ، ئامێری کێڵگە، ئامێری دۆشین یاخود ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بۆ گواستنەوەی ئاژەڵ بەکاردەهێنرێن.
  3. گواستنەوە لە ڕێگەی هەوا یاخود لە ڕێگەی خۆراک و ئاوی پیسەوە

نیشانەکانی نەخۆشییەکە:

  • بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی ئاژەڵەکە و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن.
  • کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی شیر لە مانگادا.
  • دەرکەوتنی زیپکەی پڕ لە شلە لەسەر هەندێک ناوچەی جەستەی ئاژەڵەکە و لیکاوی بوون.
  • ئاوسانی پێیەکان و دەرکەوتنی برین لە نێوانیان و دابەزینی کێشی.
  • لە هەندێک حاڵەتدا لەبارچوونی کۆرپەلە.

ئایا مرۆڤ تووش دەکات و لە ڕێگەی گۆشتی تووشبووەوە بۆی دەگوازرێتەوە؟

بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ (د. سامر خەفاجی) ڕۆژی سێشەممە 18ی شوباتی 2025 ڕایگەیاند کە نەخۆشی پێ و دەم ناگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەروەها وەزارەتی تەندروستی لە ڕێگەی وتەبێژی فەرمییەوە (د. سەیف بەدر) ڕایگەیاند، کە:

"دامەزراوە تەندروستییەکانی سەر بە وەزارەتەکە هیچ تووشبوونێکی مرۆڤیان تۆمار نەکردووە لە ڕابردوو ولە ئێستاشدا".

لای خۆیەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ ڕۆژی سێشەممە لە بارەی خواردنی گۆشت لەژێر ڕۆشنایی تەشەنەسەندنی نەخۆشی پێ و دەم لەنێو ئاژەڵاندا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان و جەختیشی لەوە کردەوە کە نەخۆشییەکە بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە تەنانەت ئەگەر بەرهەمی ئاژەڵە نەخۆشەکەش بخوات.

هەروەها ئەو وەزارەتە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند:

"لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە #نەخۆشی_پێ_و_دەم و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاژەڵداری، دڵنیاتان دەکەینەوە کە ئەم نەخۆشییە هیچ زیانێکی بۆسەر تەندروستی مرۆڤ نییە، ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسێکی ئاژەڵییە و تەنها ئاژەڵی وەک مانگا و مەڕ و بزن و گامێش تووش دەکات، و ناتوانرێت لەڕێگەی بەرهەمەکانیان بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ".

ڕوونیشیکردەوە:

"نەخۆشی پێ و دەم مرۆڤ تووش ناکات، ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسێکی ئاژەڵییە و تەنها ئاژەڵ تووش دەکات، و ناتوانرێت لەڕێگەی گۆشت یاخود شیرەوە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ".

لە ئامارێکی نوێدا (عەباس مالیکی) وەزیری کشتوکاڵ، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی شوباتی 2025، ڕایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی پێ و دەم گەیشتووەتە سێ هەزار سەر ئاژەڵ.

لای خۆیەوە (د. میساق عەبدولحوسێن) یاریدەدەری تەکنیکی وەزیری کشتوکاڵ، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند:

"654 سەر ئاژەڵ بەهۆی نەخۆشییەکانی پێ و دەمەوە گیانیان لەدەستداوە".