ڕاستی ئەو پەیج و هەژمارانە چیە بە ناوی Contact support لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەم دواییانە چەند هاژمار و پەیجێک بڵاو بونەتەوە بەناوی contact-support و management services و چەندین ناوی تر، کە خۆیان وەکو بەشی پەیوەندی و پشتگیری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەخەن.

ئەم پەیج و هەژمارانە هەڵدەستن بە ناردنی نامە بۆ هەژماری بەکارهێنەرەکان یاخود پەیجە گشتیەکانیان (تایبەت و بازرگانی)یاخود لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوە و ئاماژەپێکردنی پەیج و هەژماری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان،پێیان ڕادەگەیەنێت کە ڕاپۆرتیان پێ گەیشتوە کە گوایە هەژمارەکانیان یاخود پەیجەکانیان پێوەرەکانی فەیسبوک یاخود ئینستاگرام پێشێلکردووە و لە ماوە 24 کاتژمێردا دەسڕێتەوە، نامەکە یاخود بڵاوکراوەکە بەستەرێکی پێوە هاوپێچکراوە، کە پێیان دەڵێت لە ڕێگای ئەم بەستەرەوە دەتوانن ڕەخنە بگرن"بڕیارە هەڵەکەیە"!

ئاگادارکردنەوە

ئەو پەیجانە ساختەن، نوێنەرایەتی بەشی پەیوەندی و پشتگیری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناکەن، کە بە شێوەیەکی ساختە خۆیان وەکو ئەوان دەناسێنن خەڵک دەخەڵەتێنن لە ڕێگای ناردنی نامە یاخود لە ڕێگای بڵاوکراوەکان، کە ئەم ڕێگایانە لەلایەن بەشی پەیوەندی و پشتگیری کۆمپانیاکان بەکار ناهێندرێت بۆ ئاگادارکردنەوەی بەکارهێنەران لە کاتی سەرپێچیکردنی پێوەرەکانیان.

وێنەیەکی شاشەکە تێیدا ئەو نامە دەرکەوێت کە بۆ پەیجی تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی نێردراوە لە یەکێک لە پەیجە ساختەکانەوە

بەڵکو لە ناو بەرنامەکەوە ئاگادارکردنەوەیەکت بۆ دەنێرن کە لە بەشی ئاگادارکردنەوەکان دەردەچێت یاخود لە کاتی سێرکردنی (کوالێتی پەیجەکە) یاخود (دۆخی هەژمارەکە) یاخود لە ڕێگای ئیمەیڵەوە نامەیەکت بۆ دەنێرن، نەوەک لە ڕێگای بڵاوکراوە و نامەوە کە لەلایەن پەیجێکەوە پێت دەگات کە تازە دروست کراوە و ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی چەند کەسێکن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، کە بەستەرێکی پێوە هاوپێچ کراوە لە کاتی لێکۆڵینەوە لێی دەردەکەوێت بەرنامەی زیان بەخش تێدایە و سەلامەت نیە.

وێنەیەکی شاشە کە ژمارەیەک پەیجی ساختە پیشان بدات کە خۆیان وەک بەشی پاڵپشتی فەیسبووک ناساندوە
وێنەیەکی شاشە تێیدا ئاگادارکردنەوەیەک دەرکەوێت کە بەستەرەکە بۆ ساختەکاری بەکاردەهێنرێت لەکاتی کلیککردن لەسەری و هەوڵدان بۆ کردنەوەی

تیمی تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی ئامۆژگاریتان دەکات بە پشتگوێخستنی ئەم جۆرە نامانە و نەکردنەوەی ئەو بەستەرانەی کە پێوەی هاوپێچ کراوە بە هیچ جۆرێک، و باشتر وایە کە نامەکە بسڕیتەوە و بەکارهێنەرەکە بلۆک بکەی، بۆ ئەوەی دوور بیت لە کردنەوەی بەستەرەکە بەهەڵە یاخود کردنەوەی بەستەرەکە لەلایەن ئەدمینانی پەیجەکەت.