ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە ئەو فڕۆکە جەنگییە ڕووسیانە نیشاندەدات کە لە هێرشەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕووسیا تێکشکاون؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ئۆکرانیا ڤیدیۆی ئەو فڕۆکە جەنگییانەی ڕووسیا بڵاودەکاتەوە کە تێکیانی شکاندووە".

ڕاستییەکە

هەواڵی تێکشکاندنی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا لەلایەن ئۆکرانیا ڕاستە، بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە فڕۆکە سووتاوەکانی پیشان دەدات، بە زیرەکی دەستکردەوە دروستکراوە.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت ڤیدیۆکە بۆ یەکەمجار لەلایەن هەژمارێکی تیک تۆک لە بەرواری 3ی حوزەیرانی 2025 بەناوی (theenigmafiles2000) بڵاوکراوەتەوە،بە پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی هەژمارەکە بۆمان دەرکەوت کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانەی کە بە زیرەکی دەستکرد دروستکراون.

هەروەها چەندین هەڵەمان بەدی کرد لە ڤیدیۆکە وەکو دەرکەوتنی فڕۆکەکانی بە سێ و چوار بزوێنەر

، هەروەها هەندێک لە فڕۆکەکان دوو سەری هەیە لە پێش و لە دواوەوە

، لە یەکێک لە گرتەکان دوو کەس لەلای ڕاستی پشتەوەی فڕۆکەکە دەردەکەون

،کاتێک دەگەنە پشتی فڕۆکەکە یەک ئەگرن و ئەبنە یەک کەس

، کاتێک ئەگەنە لای چەپی فڕۆکەکە ئەبنە سێ کەس.

بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێرشانەی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕووسیا، لە 1ی حوزەیرانی 2025، کییڤ ڕایگەیاند کە زیاتر لە 40 فڕۆکەی ڕووسی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە قووڵایی خاکی ڕووسیا لەناوبردووە، لە بەرامبەردا ڕوسیا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پایتەختی ئۆکرانیای بۆردومان کرد، ئەوەش ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوولا، کە لە 2ی حوزەیرانی 2025 لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو.

شایەنی باسە کە پلاتفۆرمی پشکنینی ڕاستییەکان "تأكد" لە 3ی حوزەیرانی 2025 ڕاستی ڤیدیۆکەی بڵاوکردوەتەوە.