ڕاستی ئەو وێنەیە چییە بڵاوکراوەتەوە کە موشەکێک نیشاندەدات و مانگایەکی پێوە بەستراوەتەوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "پاکستان وەک سوکایەتی بەئایینی هندیەکان مانگا لەموشەکەکانیان ئەبەستن بۆ بۆردومانکردنی هندستان".
ڕاستییەکە
ئەو بانگەشەیە ساختەیە، و ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە.
لە کاتی پشکنینی وێنەکە بە ئامرازی تایبەت وەکو ماڵپەڕی Sightengine، ئەنجامەکان دەریخست کە وێنەکە ڕاستی نییە و بە ڕێژەی 99% بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە.
هەروەها لە کاتی گەورەکردنی وێنەکە چەندین هەڵە دەردەکەوێت، وەکو:
1- کونی گوێچکەی یەکێک لە سەربازەکان بەشێوەیەکی نا سروشتی گەورەیە.
2-هەندێک لە سەربازەکان سەریان هەیە بەڵام جەستەیان نییە.
3-یەکێک لە سەربازەکان جەستەی ڕەشکراوەتەوە.

بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیە هاوکاتە لەگەڵ گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان، کە لە کۆتایی مانگی نیسانی 2025 هێرشێک ئەنجامدرا بۆ سەر ناوچەی پاهالگام لە کشمیری هیندستان بەهۆیەوە 26 گەشتیاری هیندۆسی کوژران، هیندستان گروپە چەکدارەکانی سەر بە پاکستانی بە هۆکاری هێرشەکە زانی و ئیسلام ئابادیش بەرپرسیارێتی خۆی ڕەتکردەوە.
لە 6ی ئایاری 2025دا، هیندستان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بە ناوی "سندوڕ" دەستپێکرد، کە 9 ناوچەی لە پاکستان و کشمیر کە لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرێت کردە ئامانج، بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی پاکستان، لە هێرشەکاندا 26 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و 46ی دیکەش برینداربوون.
لە بەرامبەردا پاکستان خستنەخوارەوەی پێنج فڕۆکەی هیندستان و لەناوبردنی بارەگایەکی لیوای هیندستانی ڕاگەیاند، هەروەها ڕایگەیاند له ئەنجامی بۆردومانێکی هیندستان بۆ سەر گوندی پوونچ له کشمیر 8 کەس کوژراون و 29 کەسی دیکەش برینداربوون.
هەردوولا بەدرێژایی هێڵی کۆنتڕۆڵ تۆپ و مووشەکیان ئاڵوگۆڕ کرد و لە ئەنجامدا زیانی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە هەردوولا لێکەوتەوە، و تەقینەوەیەکی بەهێز لە شاری سریناگاری پایتەختی هاوینەی کشمیر کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت ڕوویدا.
هەروەها هیندستان و پاکستان ئاسمانی خۆیان بەڕووی گەشتی هاوبەشدا داخست و بازرگانی وشکانییان ڕاگرت و دیپلۆماتکارەکانی یەکتریان دەرکرد، ئاژانسی موودیز هۆشداری داوە کە بەردەوامی پەرەسەندنەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری پاکستان و بەرنامەی ئەو وڵاتە لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەبێت.
شایانی باسە کە ماڵپەڕی "المصري اليوم" لە 7ی ئایاری 2025 ڕاستی وێنەکەی بڵاوکردوەتەوە.

