ڕاستی ئەو وێنەیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە دایکێک نیشاندەدات کە باوەشی کردووە بە ئێسکی منداڵەکەی؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "دایکێک مناڵەکەی ئەدۆزێتەوە پاشی ساڵێک یارەبی خوای گەورە جولەکە لەناو بەری ".

ڕاستییەکە

ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە ڕاستی نییە، بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە.

لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە، بە ئەنجامدانی گەڕانی پێچەوانە بۆی، دەرکەوت وێنەکە بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە، و بۆ یەکەم جار لەسەر پلاتفۆرمی ئینستاگرام بڵاوکراوەتەوە، لەلایەن هەژمارێک بەناوی (in.visualart) لە بەرواری 21 ئازاری 2025، و ئاماژەی پێداوە کە وێنەکە بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە.

شایانی باسە، وەزارەتی دەرەوەی فەلەستین ڕۆژی چوارشەممە 2ی نیسانی 2025 داوای گوشاری نێودەوڵەتی "جددی" کرد لەسەر ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی شەڕی دژی خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەزە و کەرتی ڕۆژئاوا.

بەپێی ئاماری نووسینگەی ناوەندی ئاماری فەلەستین، لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 هەتاکو 25ی ئازاری 2025، ژمارەی قوربانیان لە فەلەستین گەیشتووەتە (51090) قوربانی کە لە نێویاندا (17954) منداڵ هەیە، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە (120404) بریندار، و زیاتر لە دوو ملیۆن کەس ئاوارە بوون.

شایانی باسە، پێشتر ڕاستی هەمان وێنە لەلایەن پلاتفۆرمی "مسبار"ەوە لە بەرواری 24ی ئازاری 2025 ڕوونکراوەتەوە.