ئایا ڕاستە ئەو کەسەی لە پەخشە ڕاستەوخۆکەی سەلوان مۆمیکا دەردەکەوێت تاوانباری ڕووداوی کوشتنەکەیە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەکی تۆمارکراوی پەخشە ڕاستەوخۆکەی سەلوان مۆمیکا لەسەر تیک تۆک بڵاوکراوەتەوە گوایە ئەو کەسەی لە پەخشەکە دەردەکەوێت بکوژی مۆمیکایە.

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ئەو کەسەی لە ڤیدیۆی پەخشە ڕاستەوخۆکە لەسەر پلاتفۆرمی"تیک تۆک" دەردەکەوێت، ئەندامی پۆلیسی سویدە.

دەتوانی سەرنجی ئەو پارچە قوماشە چوارگۆشەیە بدەیت کە لەسەر شانی ئەو کەسەیە کە لە پەخشە ڕاستەوخۆکەدا دەردەکەوێت، کە شوێنی بەستنی پلە سەربازییەکانە ، هەروەها ڕەنگی جلەکە کە شینی تۆخە، کە پۆشاکی فەرمی پۆلیسی سویدە .

هەروەها ڕۆژنامەی "ئافتۆنبلادێت" وێنەیەکی ئەو ئەفسەرە پۆلیسە سویدییەی بڵاوکردوەتەوە لەگەڵ دەقی : 

"لێرەدا، پۆلیس دوای تەقەکردنەکە پەخشی تیک تۆکی سەلوان مۆمیکای داخست".

باس لەوە دەکرێت کە مۆمیکا ئێوارەی چوارشەممە 29ی کانوونی دووەمی 2025 کوژراوە، دوای ئەوەی لە درەنگانی شەودا دەنگی تەقەی لە شاری سۆدەرتالی لە نزیک ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بیستراوە.

واتا ئەو کەسەی لە پەخشە ڕاستەوخۆکە دەردەکەوێت پێش داخستنی بکوژی مۆمیکا نییە وەکو ئیدیعا کراوە

لای خۆیەوە پۆلیسی سوید ڕایگەیاند، پێنج کەسیان دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەشیان بۆ ڕووداوی کوشتنەکە کردووەتەوە.

بەڵام دەسەڵاتدارانی نەرویج ساڵی ڕابردوو دەستگیریان کرد و گەڕاندیانەوە بۆ سوید، چونکە دەسەڵاتدارانی نەرویج داوای مافی پەنابەرییان ڕەتکردەوە.

سووتاندنی قورئان لەلایەن مۆمیکا زۆرینەی شەقامی عێراقی توڕە کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خۆپیشاندەران هێرش بکەنە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا، کە ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی سەرلەبەیانی پێنجشەممە 20ی تەمموزی 2023 تۆمارکراون، نیشانیدەدات کە ئاگر لە باڵیۆزخانەکە بەردەدرێت، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سووتاندنی چاوەڕوانکراوی قورئان.

لای خۆیەوە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق (محەمەد شیاع سودانی) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند؛

"سەرۆک وەزیران وەزارەتی دەرەوە ڕادەسپێرێت بە کشانەوەی بەرپرسی کاروباری عێراق لە باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید. هەروەها داواکاریەکی ئاڕاستەی باڵیۆزی سویدی لە بەغدا کرد کە خاکی عێراق بەجێبهێڵێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ دووبارە مۆڵەت دانی حکومەتی سوید بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز و سوکایەتیکردن بە پیرۆزییە ئیسلامییەکان و سووتاندنی ئاڵای عێراق".

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023، دەسەڵاتدارانی سوید ڕێگەیان بە مۆمیکا دا کە بە ڕەچەڵەک عێراقییە، کۆپییەکی قورئان بسوتێنێت لە ژێر پاسەوانی پۆلیسدا، لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم، ئەمەش توڕەیی ملیۆنان موسڵمانی لێکەوتەوە و ڕەخنە و ئیدانەکردنی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و ئیدانەکردنی مۆڵەتی دەسەڵاتدارانی سویدی بۆ ئەو جۆرە کارانەی "دژە ئیسلام" کرد.