نامەیەکی کراوەی بەکۆمەڵ بۆ مارک زوکەربێرگ لەلایەن هاوپەیمانی عەرەبی تۆڕی نێودەوڵەتی پشکنینی ڕاستییەکان

بەڕێز زوکەربێرگ،

ئێمە، "هاوپەیمانی عەرەبی لە تۆڕی نێودەوڵەتی پشکنینی ڕاستییەکان"، دەنووسین بۆ دەربڕینی نائومێدی قووڵ و نیگەرانی پەرەسەندوومان سەبارەت بە بڕیارەکەی مێتا بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆگرامی پشکنینی ڕاستییەکانی لایەنی سێیەم لە ئەمریکا. لە کاتێکدا ئەم بڕیارە وەک وەڵامێک بۆ نیگەرانییەکان سەبارەت بە سانسۆرکردن سەیرکرا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ناگرێتەوە، بەڵام کاریگەرییەکانی زۆر لە ئەمریکا زیاتر درێژدەبنەوە، لەگەڵ دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی بۆ ئیکۆسیستەمی زانیاری ناسک وەک سیستەمی ئێمە.

هاوپەیمانییەکەمان لە حەوت دەزگای دۆزینەوەی ڕاستییەکان پێکدێت کە لە وڵاتانی وەک سودان، فەلەستین، لوبنان، عێراق، سوریا، ئوردن، میسر و وڵاتانی دیکە لە سەرانسەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کاردەکەن. ئەم ناوچەیە 22 وڵات لەخۆدەگرێت و نزیکەی 473.27 ملیۆن کەسی تێدایە. ئەمانە پرسگەلێکن کە سیاسەتمەداران یاخود بازرگانانی پەیوەندیدار بە سیاسەتەوە کۆنترۆڵی میدیا سەرەکیەکان دەکەن، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ دەگمەنن و گەیاندنیان سنووردارە، کە زۆر جار دەبنە هۆی پڕوپاگەندەی سیستماتیکی بەربڵاوە، زۆر جار زانیاری هەڵە دەبنە سووتەمەنی قسەی ڕقاوی، هەڵاواردن، هەراسانکردن و قسەی ناشرین – بەتایبەتی لە کاتی ململانێ و نائارامی سیاسیدا. لەم ژینگەیەدا، پشکنینی ڕاستییەکان ئامرازێکی گرنگ بووە بۆ سنووردارکردنی زیانەکان و پاراستنی یەکپارچەیی زانیارییەکان.

بەڵام دەمانەوێت ئاماژە بەوە بکەین کە مێتا لە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دواکەوتبوو. ئەلگۆریتمەکانی مێتا و پراکتیکەکانی دەستکاری کردنی ناوەڕۆک کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر میدیای سەربەخۆ و پشکنەرانی ڕاستییەکان لە ناوچەکەدا هەیە، پلاتفۆرمەکە وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی زانیاری و پەیوەندی بۆ ملیۆنان کەس زاڵە. بۆ نموونە فەیسبووک لە میسر 46.52 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، لە کاتێکدا ئینستاگرام 18.24 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە لە عێراق و 18.15 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە لە میسر، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییە بەربڵاوەکانی پلاتفۆرمەکە و پێویستی بەپەلەی هەیە بە سیستەمی میانڕەوی و پشتگیری کاریگەر. بەڵام زۆرجار ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوە میدیاییەکان ڕووبەڕووی پرۆفایلی نادادپەروەرانە، بلۆککردنی نهێنی، یاخود سانسۆری ناوەڕۆک دەبنەوە، بەتایبەتی لەکاتی ڕاپۆرتکردن لەسەر پرسە سیاسی یاخود کۆمەڵایەتییە هەستیارەکان. سروشتی ناڕوونی ئەم ئەلگۆریتمانە، لەگەڵ پرۆسەی بڕیاردانی ئۆتۆماتیکیدا، زۆرجار مەودا و بینینی ڕۆژنامەگەری ڕەخنەگرانە و لەسەر بنەمای ڕاستییەکان سنووردار دەکات. ئەمەش توانای میدیای سەربەخۆ بۆ لێپرسینەوە لە دەسەڵات لاواز دەکات، بەتایبەتی لە هەرێمێکدا کە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ئازاد و متمانەپێکراو لە ئێستادا سنووردارە. مێتا بە سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە ناوەڕۆکی سەربەخۆ و متمانەپێکراو، بەبێ ئاگاداری خۆی زانیاری هەڵە چالاک دەکات و مەودای ڕۆژنامەگەری متمانەپێکراو لەسەر بنەمای ڕاستییەکان بچووک دەکاتەوە، کە پێویستە بۆ تەندروستی دیموکراسیەکانی ناوچەکە.

هەرێمی عەرەبی لەم ساڵانەی دواییدا چەندین ڕووداوی گرینگی هەڵبژاردنی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە هەڵبژاردنەکانی 2024ی میسر و کوردستانی عێراق. بە تێڕوانین بۆ داهاتوو، پێشبینی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە سوریا دەکەین، و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2025، و هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان لە ئایاری 2026. هەریەک لەو ڕووداوانە زۆر بەرکەوتەی هەڵمەتی زانیاری ناڕاست دەبن کە ڕەنگە هەڕەشەی تێکدانی متمانەی گشتی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی بکات. جگە لەوەش قەیرانە بەردەوامەکان لە ناوچەکەدا مەترسییەکانی پەیوەست بە زانیاری هەڵە گەورەتر دەکەن. شەڕی ناوخۆی وێرانکەری یەمەن بەردەوامە کە یەکێکە لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان، لە کاتێکدا تونس ڕووبەڕووی پاشەکشەی دیموکراسی و تەحەدای ئابووری و ناسەقامگیری سیاسی دەبێتەوە. لیبیاش بە دابەشکراوی دەمێنێتەوە بەهۆی حکومەتە ڕکابەرەکان و کوتلە چەکدارەکانەوە، و شەڕی بەردەوامی غەزە و شەڕی ناوخۆی سودان سەقامگیری ناوچەکەی تێکداوە، ئەوەش بووەتە هۆی زیادبوونی ئەو تەحەددایانە. جگە لەوەش، زانیاری هەڵە و قسەی ڕقاوی کە پەنابەران دەکاتە ئامانج لە سەرانسەری وڵاتانی باکووری ئەفریقادا بڵاوبووەتەوە. بەبێ هەبوونی پێکهاتەیەکی کاریگەر بۆ پشکنینی ڕاستییەکان، مێتا مەترسی بەهێزکردنی بابەتە چەواشەکارانەکان دەکات کە دەتوانێت ئەم کاروبارانەی کە لە ئێستادا ناسکن ، زیاتر نا سەقامگیر بکات.

بە پاراستن و بەهێزکردنی بەرنامەی پشکنینی ڕاستییەکان لەم ناوچەیەدا، لەگەڵ پشتیوانییەکانی دیکە بۆ پشکنەرانی ڕاستییەکان، مێتا دەرفەتی ئەوەی هەیە کە کاریگەرییەکی ڕاستەقینە لە پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و پاراستنی کۆمەڵگاکان لە زانیاری هەڵەی زیانبەخش دروست بکات.

ئێمە مێتا بیردەخەینەوە کە لە وڵاتانی وەک وڵاتی ئێمە، پلاتفۆرمی ئێوە بە شێوەیەکی نەریتی پشتی بە شارەزایی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ناوخۆیی بەستووە بۆ گەشتکردن بە چوارچێوە کولتووری و زمانەوانییە جۆراوجۆرەکاندا. سیستەم و ئەلگۆریتمەکانی ناوخۆیی مێتا بە تەنیا بەس نەبوون بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییەکانی ناوچەکانمان. لە ڕێگەی هاوبەشی متمانەپێکراو لەگەڵ میدیای ناوخۆیی و پشکنەرانی ڕاستییەکان، مێتا توانیویەتی بە شێوەیەکی کاریگەر وەڵامی قەیرانەکان بداتەوە، ناوەڕۆکی زیانبەخش دیاری بکات و زانیاری دروست بدات بە بەکارهێنەران. بڕیاری قۆناغ بە قۆناغ کۆتایی هێنان بەم بەرنامەیە نەک فراوانکردنی، هەڕەشە لە ساڵانێک هاوکاری و پێشکەوتن دەکات.

لە کاتێکدا مێتا نیازی خۆی دەربڕیوە بۆ گۆڕینی پشکنینی ڕاستییەکان بە سیستەمێکی زانیاری لەسەر بنەمای کۆمەڵگە، ئێمە ترسمان لەوە هەیە کە ئەم ڕێبازە بەس نەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە ناوازەکانی زانیاری هەڵە لەو ناوچانەی کە دیموکراسی ناسک یان دۆخی سیاسی ناسەقامگیریان هەیە. چارەسەرێکی "یەک قەبارە بۆ هەمووان" ناتوانێت جیاوازییە بەرفراوانەکانی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی وەک ئێمە ڕوون بکاتەوە.

ئێمە داوا لە مێتا دەکەین کە بە وردی بیر لە کاریگەرییە ئەگەرییەکانی ئەم بڕیارە بکاتەوە نەک تەنها لە ناوخۆی ئەمریکا بەڵکو لە چوارچێوەی گشتی کە خۆڕاگری دیموکراسی پەیوەستە بە میکانیزمە کاریگەرەکانی پشکنینی ڕاستییەکانەوە.

ئێمە ئەو بۆچوونانە دووبارە دەکەینەوە کە لە وتاری سەرەتایی تۆڕی نێودەوڵەتی پشکنینی ڕاستییەکاندا دەربڕدراون، نامەیەکی گشتی بۆ مارک زوکەربێرگ لەلایەن پشکنەرانی ڕاستییەکانی جیهانەوە، دوای نۆ ساڵ. گرنگە دان بنێن بەو ڕۆڵە گرنگەی کە پشکنەرانی ڕاستییەکان دەیگێڕن لە کەمکردنەوەی زیانەکان و پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیەکی وشیار. لابردنی ئەم پێکهاتە جەوهەرییە لە ئێستادا هەڕەشەی سڕینەوەی پێشکەوتنی نزیکەی دەیەیەکە دەکات.

لە کۆتاییدا، ئێمە داوا لە مێتا دەکەین کە بەم بڕیارە بچێتەوە و پەیوەندی بکات بە کۆمەڵگەی جیهانی پشکنینی ڕاستییەکان، بە تایبەتی ئەوانەی لە ناوچانە کاردەکەن کە مەترسییان لەسەرە، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە وردبینی و لێپرسینەوە لە دڵی کارەکانی پلاتفۆرمەکەدا دەمێنێتەوە. پشکنینی ڕاستییەکان تەنها ڕاستکردنەوەی زانیاری هەڵە نییە، بەڵکو پاراستنی ڕاستییەکانە لەو شوێنانەی کە زانیاری هەڵە لێکەوتەی ژیان دەگۆڕێت.

ئێمە ئامادەین بۆ کارکردن لەگەڵ مێتا بۆ داڕشتنی دیدێکی نوێ بۆ چارەسەرەکان کە هاوسەنگی لە نێوان ئازادی ڕادەربڕین و پێویستی زانیاری متمانەپێکراو هەبێت.

لەگەڵ ڕێزدا،

دەربارەی "هاوپەیمانی عەرەبی لە تۆڕی نێودەوڵەتی بۆ پشکنینی ڕاستییەکان"
"هاوپەیمانی عەرەبی لە تۆڕی نێودەوڵەتی بۆ پشکنینی ڕاستییەکان" ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پشکنینی ڕاستییەکان و دروستکردنی ناوەڕۆک بە زمانی عەرەبی لەخۆدەگرێت. ئەم هاوپەیمانییە بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە ناوازەکانی بەردەم ناوچەی عەرەبی دامەزراوە - کە بە ململانێ و پڕوپاگەندەی سیاسی و ئازادییە سنووردارەکان ناسراوە - و ئامانجی هاوپەیمانییەکە پەرەپێدانی هاوکارییە لە نێوان ئەندامانی تۆڕی نێودەوڵەتی پشکنینی ڕاستییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاژاوەی زانیارییەکان. ئامانجەکانی بریتین لە پێشخستنی دەنگێکی یەکگرتوو لەناو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، هاندانی پڕۆژە هاوبەشەکان، پەیوەندیکردن لەگەڵ پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ باشترکردنی سیاسەتەکانی ناوەڕۆکی عەرەبی، و داکۆکیکردن لە کەلتوری میدیا و زانیاری و پاراستنی ڕاستییەکان. ئەندامێتی تایبەتە بەو ڕێکخراوانەی کە لەلایەن تۆڕی نێودەوڵەتی پشکنینی ڕاستییەکانەوە باوەڕپێکراون، ئەمەش متمانەپێکراوی و شەفافیەت مسۆگەر دەکات.

واژۆکارانی تۆڕی نێودەوڵەتی پشکنینی ڕاستییەکان کە بە زمانی عەرەبین: