ڕاستی کوژرانی ئەو پیاوە بە تەمەنە ئێرانییە چییە کە لە سوریا دۆزرایەوە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە گوایە پیاوێکی بەتەمەنی ئێرانی لەگەڵ کوڕەکەی لەلایەن چەکدارانی تەحریری شامەوە سەر بڕدراون.
ڕاستییەکە
ئەو هەواڵە ساختەیە، کوژرانی ئەو پیاوە بە تەمەنە ئێرانیە دوورە لە راستییەوە، بەو پێیەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، کە خۆی و کوڕەکەی بەم زووانە دەگەنەوە وڵاتەکەیان.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی بەیانی ئەمڕۆ هەینی 10ی کانوونی دووەمی 2025 ڕایگەیاند ، کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیسماعیل بەقائی وتی:
"هەماهەنگی پێویست بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییەی سووریا کراوە"، ڕوونیشی کردەوە کە "ئەبوتالیب ئەسفەهانی و کوڕەکەی ئەمڕۆ لە سووریا دەرهێنراون و بەم زووانە بەرەو وڵات بەڕێدەکەون".
ئەو ئاژانسە لە زاری بەقائییەوە دەڵێت،
"ئەو هاووڵاتییە (عەلی ئەکبەر ئەبوتالیب ئەسفەهانی) گەشتێکی بۆ سوریا کردووە بۆ سەردانیکردنی مەزارگە پیرۆزەکان، سەردانەکەی هاوکات بووە لەگەڵ پێشهاتەکانی سوریا کە ئەمەش بووەتە ڕێگر لە جێهێشتنی دیمەشق".
هەروەها بەقائی ئاماژەی بەوەشدا،
"دوای ئەوەی هەماهەنگی و هەوڵدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سوریا ئەنجامدرا، ئەمڕۆ هەینی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییە دەرهێنرا و بەم زووانە دەگەڕێتەوە زێدی خۆی"، ئەوەش بەپێی ئەو ئاژانسە.
ئەو پیاوە بەساڵاچووە ئێرانییە لە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازی حمەیمیم لە لازقیەی سوریا دۆزرایەوە، دوای ئەوەی لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوت کە لەلایەن ڕۆژنامەنووسی سوری (جەمیل حەسەن)ەوە تۆمارکراوە و لە هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە.
ئەسفەهانی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ماوەی 20 ڕۆژە لە نزیک فڕۆکەخانەکە چاوەڕێی کردووە لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی سوریا بەجێبهێڵێت و بگەڕێتەوە وڵاتەکەی، بەڵام بێ سوود بووە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە، هەواڵی گیانلەدەستدانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوبووەوە، بەبێ ئەوەی هیچ سەرچاوەیەک ڕاستی هەواڵەکە ڕوون بکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی تیمی تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی پەیوەندی بە چەندین لایەن و کەسدا کرد لەنێویاندا ئەو کەسەی گرتە ڤیدیۆکەی تۆمار کردووە کە ڕاگەیەندکارێکی سورییە، بەبێ دەستکەوتنی وەڵامێک سەبارەت بەو بابەتە، تا ئەو کاتەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیاننامەکەی خۆی سەبارەت بە دۆخی هاووڵاتیانی لە سوریا بڵاوکردەوە.
جێی باسە پلاتفۆرمی (تأكد) بۆ پشکنینی ڕاستییەکان و ئاشکراکردنی هەواڵی ساختە، ئەمڕۆ هەینی ڕاستی ئەو هەواڵە ساختەیەی ڕوونکردوەتەوە.