ڕاستی گۆڕینی بانگدانی موسڵمانانی کەرتی غەزە چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە نوێژی جەماعەتی مسوڵمانانی غەزە نیشاندەدات لەگەڵ بانگدانێکدا گوایە شێوازی نوێی بانگدانە لە غەزە.

ڕاستییەکە

ئەو ڤیدیۆیە ساختەیە، ئەم ڤیدیۆیە دەگەڕێتەوە بۆ نوێژی جەماعەتی دانیشتوانی شاری ڕەفح لە نزیک مزگەوتی ئەلفاروق کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەزە لە 1ی ئاداری 2024، دەستکاری دەنگی ڤیدیۆکە کراوە بە دانانی دەنگێکی دیکەی بۆی کە هی بلۆگەرێکە ڤیدیۆ بڵاودەکاتەوە لەسەر پلاتفۆرمی (تیک تۆک) بە ناوی “یوسف یاسین” کە ڤیدیۆکەی لە 8ی ئابی 2024 بڵاوکردوەتەوە.

زۆر ڤیدیۆمان دۆزیەوە کە نوێژەکە لە گۆشەیەکی جیاوازەوە پیشان دەدات، بەڵام بانگدانێکی جیاوازمان تێیدا نەبیست، بەڵکو بانگی ئاسایی موسڵمانان بوو.

ڤیدیۆکە نوێژی جەماعەت لە نزیک داروپەردووی مزگەوتی ئەلفاروق لە ناوەڕاستی کەمپی پەنابەرانی ئەلشەبورە نیشاندەدات، کە لە کۆتایی مانگی شوباتی 2024 بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە وێران کرا، بۆردومانەکە مزگەوتەکەی بە تەواوی وێران کردووە و زیانێکی زۆری بە ماڵەکانی دەوروبەری مزگەوتەکە گەیاندووە.

لە کاتێکدا ئەو دەنگەی هاوپێچی ڤیدیۆکە کراوە، دروستکراوە لەلایەن بلۆگەرێک بە ناوی “یوسف یاسین” کە لە 8ی ئابی 2024 لە تیک تۆک ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا بانگ دەدات بە شێوەیەکی جیاواز کە تێیدا دەڵێت، “شاهیدی ئەوە دەدەم کە زانایان و شێخەکانی نەتەوەی ئیسلامی دەخزێن و سوجدە دەبەن، هەروەها شاهیدی ئەوە دەدەم کە پیاوەکان خۆیان حەشارداوە” لە هەژمارەکەی ئاماژەی پێداوە کە خوولیای ڕووداوەکانی ناوچەکە و شەڕی ئیسرائیلە لە کەرتی غەزە.

هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر کەرتی غەزە لە 447 ڕۆژی شەڕ بۆ سەر کەرتی غەزە، بەپێی کەناڵی ئەلجەزیرە ئەمڕۆ 26ی کانونی یەکەمی 2024 34 کەس کوژراون، لە نێویاندا 5 ڕۆژنامەنووس هەن لە دوای بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلی پەخشی دەرەکی کەناڵی “قودس ئەلیەوم”، لای خۆیەوە کەناڵەکە بەم وشانەی خوارەوە ماتەمینی بۆ ڕۆژنامەنووسان گێڕا “ئێمە لە کەناڵی قودس الیوم ماتەمینی بۆ گروپێکی نوێ دەکەین لەسەر ڕێگای قودس و ڕزگاری، بەردەوامیی خۆمان لە پەیامی ڕاگەیاندنی بەرخۆدانمان دووپاتدەکەینەوە”.

جێی باسە پێشتر لەلایەن پلاتفۆرمی میسبار بۆ دڵنیابونەوە لە هەواڵ ڕاستی ڤیدیۆکە ڕوونکراوەتەوە لە بەرواری 25ی تشرینی دووەمی 2024.