ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە کەعبەی پیرۆز لە نایجیریا دروستکراوە و تەوافی بە دەوردا دەکرێت؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت " ئەو دیمەنە جەنجاڵییەکی گەورەی لە میدیاکانی نەیجیریا بۆ دروستکردنی کەعبە المشرفە لە شاری کانۆ دروستکرد و دەنگۆکان بەدەوریدا دەسوڕێنەوە.نیشانە کانی ئاخر زەمان سەیری کارەسات بکەن".
ڕاستییەکە
ئەو ئیدیعایەی هاوپێچکراوە ڕاست نییە، ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە مۆدێلێکی کەعبەی پیرۆز نیشان دەدات لە ویلایەتی (کانۆ) لە نایجیریا، بۆ فێرکردن و ئاشناکردنی هاوڵاتیان بە ئادابەکانی حەج کردن پێش ئەوەی گەشت بۆ مەکەی پیرۆز.
واتا ڤیدیۆکە ڕێوڕەسمی حەجکردنی ڕاستی نییە بۆ ئەو کەسانەی توانایان نییە بڕۆن بۆ حەج لە سعوودیە وەکو لە بڵاوکراوەکە ئیدیعا کراوە.
هەروەها گەشتین بە چەندین گرتە ڤیدیۆی ساڵانی پێشوو کە لەلایەن پەڕەی فەرمی ئەنجومەنی حاجیانی ویلایەتی کانۆ بڵاوکراوەتەوە، کە هاوڵاتیان فێری ئادابەکانی تەواف و فڕێدانی جەمرات دەکات.
هەروەها لە ساڵانی پێشوو چەندین ڤیدیۆی هاوشێوە بڵاوکراوەتەوە کە خەڵک نیشان دەدات بە دەوری مۆدێلێکی کەعبەی پیرۆز دەسوڕێنەوە بۆ فێربوونی ڕێوڕەسمی حەج کردن پێش ئەوەی گەشت بکەن بۆ مەکە.