ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە ساتی ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانی یەکێک لە زیندانەکانی پارێزگای حەلەبە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "حەلەب ئازادکردنی سەدان چەکداری بەرەی نوسرەو و قاعیدە دەستگیرکراوان لە زیندانەکانی شاری حەڵەب دوای کۆنترۆڵکردنی لەلایەن گرووپە چەکدارەکان"
ڕاستییەکە
ئەو ڤیدیۆیە کۆنە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015، ساتی چوونەژوورەوەی چەکدارانە بۆ ناو زیندانێکی پارێزگای ئیدلیبی سوریا و ئازادکردنی زیندانییەکانە دوای کۆنترۆڵکردنی لەلایەن بەرەی نوسرە، یاخود (القاعیدە لە شام) لەو کاتە ناودەبرا، لە مانگی ئازاری هەمان ساڵدا تەواوی ئیدلیبیان کۆنترۆڵکرد.
بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆ چەواشەکارانەیە دوای ئەوە دێت کە کوتلە چەکدارەکان بە ناوی (دەستەی تەحریری الشام)، لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دووەمی 2024، گرتە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە لە ناو بارەگای پۆلیسی شاری حەلەب و ڕایانگەیاند کە 100 دەستبەسەرکراویان ئازاد کردووە لە زیندانی ئەمنی شاری حەلەبی باکووری وڵاتەکە.
شایانی باسە، فەرماندەی گشتیی "هێزەکانی سوریای دیموکرات" (هەسەدە) کە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب لە ژێر کۆنترۆڵیانە، "مەزلوم عەبدی"، لە 2ی کانونی یەکەمی 2024دا پۆستێکی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردەوە، کە تیایدا ڕایگەیاند،" هێزەکانمان له چەند قۆڵەوە ڕووبەڕووی هێرشی توند بوونەتەوە لەگەڵ شکان و پاشەکشەی سوپای سوریا و هاوپەیمانەکانی، هەوڵماندا بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێک لە نێوان ناوچەکانمان لە ڕۆژهەڵات و حەلەب لەگەڵ ناوچەی تەل رەفعەت بۆ پاراستنی گەلەکەمان لە کۆمەڵکوژی"، هەروەها گوتی" بەڵام هێرشەکانی گروپە چەکدارەکان کە پاڵپشتی دەکرێن لەلایەن ڕژێمی تورکیا ڕێڕەوەکەیان پچڕاند".