ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە هێزی ئاسمانی ڕووسیا کاروانێکی پشتیوانی تیرۆریستانی تورکیا بۆردومان دەکات لە ئیدلیب؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت"بۆردومانی ئاسمانی ئەو کاروانەی کە بڕیار بوو پشتیوانی لە تیرۆریستانی سەر بە تورکیا لە حەلەب بکات لەلایەن هێزی ئاسمانی ڕووسیا وێران کران".

ڕونکردنەوە

سەرەڕای ئەوەی هەواڵی هێرشە ئاسمانییەکەی هێزی ئاسمانی ڕووسیا بۆ سەر ئەندامانی گرووپە چەکدارەکان لە سوریا ڕاستە، بەڵام گرتە ڤیدیۆکە چەواشەکارانەیە و کۆنە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2019، کە ساتی بۆردومانکردنی شاری ئیدلیب و لادێکانی دەوروبەری نیشاندەدات لەلایەن هێزی ئاسمانی ڕووسیا.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت کە گروپە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتی دەستەی تەحریری شام (ناسراو پێشتر بە جەبهەی نوسرە)، لە 28ی تشرینی دووەمی 2024، گوند و شارۆچکەکانی پارێزگای حەلەبیان داگیرکرد، کە لەلایەن حکومەتی سوریاوە پێشتر کۆنترۆڵ کرابوون، و هێشتا نازانرێت شارەکە شایەتحاڵی چ شێوازێکی نوێی ئیداری دەبێت دوای کۆنترۆڵکردنی لەلایەن هێزە چەکدارەکان، و ڕژێمی سوریا ژمارەی ئەو کەسانەی ئاشکرا نەکردووە کە لە حەلەب کشاونەتەوە یاخود ژمارەی ئەوانەی بڕیاریانداوە لەوێ بمێننەوە، هەتاکو ئێستاش هێزە چەکدارەکان کۆنترۆڵی شارەکە دەکەن، لەگەڵ بەردەوامی گۆڕانی دۆخی ئەمنی شارەکە بەهەموو ئاراستەکان.