ئایا دایکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ وتوویەتی کە کوڕەکەی نەخۆش نییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "دایکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ: کوڕەکەم نەخۆش نییە".

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵە ساختەیە، لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو لێدوانە کە خراوەتە پاڵ (ماریا دیلۆریس ئەفیرۆ) سەبارەت بە نادروستی هەواڵی نەخۆش کەوتنی کوڕەکەی یاریزانی پورتوگالی و هێرشبەری یانەی نەسڕی سعودی (کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ) نەگەشتین بە هیچ سەرچاوەیەک کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت.

بە سێ زمان بۆ ئەو هەواڵە گەڕاین، عەرەبی و کوردی و ئینگلیزی، نەگەشتین بەهیچ بەڵگەیەک کە بیسەلمێنێت دایکی ڕۆناڵدۆ لێدوانی هاوشێوەی دابێت، هەروەها هەتاکو ساتی بڵاوکردنەوەی ئەم پۆستە هەژماری فەرمی ئینستاگرامەکەی هیچ لێدوانێکی هاوشێوە یاخود چالاکیەکی ئەمڕۆی تێدا نییە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت کە یانەی نەسر بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئەیلوولی 2024 ڕایگەیاند کە هێرشبەر ڕۆناڵدۆ تووشی کێشەیەکی تەندروستی بووە، لە ئەنجامدا بڕیاردرا لەگەڵ شاندی یانەکە نەچێتە بەغدای پایتەخت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یانەی شورتەی عێراق کە لە چوارچێوەی پاڵەوانێتی یانەکانی نوخبەی ئاسیا کە ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەدەچێت.

دوێنێ ژمارەیەکی زۆر هاندەرانی وەرزشی ڕوویان لەو شوێنانە کرد کە بلیتی یارییەکەی نێوان شورتە و نەسر دەفرۆشن و چاوەڕوان دەکرا بە بەشداری ڕۆناڵدۆ ئەنجام بدرێت.