ڕاستی ئەو وێنانە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە کچێکی عێراقیە شێوەی لە مۆنالیزا دەچێت؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "مۆنالیزای عێراق".

ڕاستییەکە
ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە ساختەن و ڕاستی نین، بە زیرەکی دەستکرد دروستکراون.
لە کاتی لێکۆڵینەوە لە وێنەکان گەشتین بە پەڕەیەکی فەیسبووک بەناوی (Sapra artificial)، لە سەرەتاوە لە خانەی زانیاری پەڕەکە ئاماژەی پێداوە کە "گشت ئەو وێنانەی لە پەڕەکە بڵاوکراونەتەوە لە ڕێگای زیرەکی دەستکرد دروستکراون".

ئەو پەڕەیە هەستاوە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو کچە و باوکی لە بەرواری 27ی ئابی 2024، لە ئەلبومێک وێنەی جیاواز کە هەمان کچ لەخۆ دەگرێت.

هەروەها لە بەشی چەپی خوارەوەی وێنەکە دەستەواژەی Sapra artificial نوسراوە کە ناوی ئەو پەڕەیە، ئەوەش بەڵگەیە کە وێنەکان لەو سەرچاوەیەوە بڵاوکراونەتەوە.
هەروەها هەستاین بە پشکنینی وێنەکە بە(Hive Moderation) کە ئامرازێکی ئەلیکترۆنیە بە کاردێت بۆ ناسینەوەی ئەو وێنانەی لە ڕێگای زیرەکی دەستکرد دروستکراون، ئەو ئامرازە وێنەکەی دیاری کرد کە بە ڕێژەی %82.8 "گومان دەکرێت بە زیرەکی دەستکرد دروستکرابێت" ئەوەش بە پێی شیکردنەوەی ئامرازەکە.