ئایا زنجیرە کارتۆنی خێزانی سیمسپسۆن پێشبینی بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموونی کردووە بۆ ساڵی 2024؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە گوایە زنجیرە کارتۆنی سیمپسۆنس پێشبینی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمونی کردووە.

ڕاستییەکە
زنجیرەی خێزانی سیمپسۆن پێشبینی باری نائاسایی نەکردووە کە لەم دواییەدا بڵاوکرایەوە سەبارەت بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون، هەروەها ڤیدیۆکە لە چەند گرتەیەکی جیاوازی چەند ئەڵقەیەک پێکدێت کە باسی چیرۆکی جیاواز دەکەن کە پەیوەندی نییە بە ئاوڵەی مەیمون، وەکو لە خوارەوە ڕوونی دەکەینەوە :

1-گرتەی یەکەم کارەکتەری کارتۆنی (هۆمەر) دەردەکەوێت لەگەڵ گروپێک مەیمون: دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵقەی پێنجەم لە وەرزی 25 بە ناونیشانی (ئازاری منداڵبوون - Labor Pains)، کە باسی هۆمەر دەکات منداڵەکانی دەبات بۆ باخچەی ئاژەڵان و چەند جوڵەیەک دەکات لە پێش قەفەزی مەیمونەکان بۆ ئەوەی منداڵەکان هێور بکاتەوە دوای ئەوەی شەڕ دەکەن.

2- گرتەی دووەم و چوارەم کە تێیدا (هۆمەر) و منداڵەکەی (ماگی) پەڵەی بچووکی سوور لەسەر جەستەیان هەیە: ئەم دوو گرتەیە دەگەڕێنەوە بۆ ئەڵقەی سێیەم لە وەرزی 17، بە ناونیشانی (Milhouse of Sand and Fog) کە باسی توشبوونی ئەو دوو کارەکتەرە دەکات بە ئاوڵەی مریشک (کە بە کوردی ناسراوە بە دڕکە مێکوتە).

جێی باسە پێستر لە ساڵی 2022 ڕاستی ئەم دوو گرتەیەمان ڕوونکردوەتەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ هەمان ئیدیعای ساختە بڵاوکرایەوە.

3- گرتەی سێیەم کە تێیدا کارەکتەری (باڕت) دەردەکەوێت لەسەر سیسەمێک پاڵکەوتووە و پەڵەی سوور بە جەستەوەیەتی: دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵقەی پێنجەم لە وەرزی 32، بە ناونیشانی (The 7 Beer Itch)، ئەو دیمەنە دەگەڕێتەوە بۆ توشبوونی (باڕت) بە نەخۆشی (ڵایم) دوای ئەوەی دەچێتە دارستان و مێشوولە پێوەی دەدات.

4-گرتەی پێنجەم کە تێیدا دکتۆرێک لە ئۆفیسەکەی نیشان دەدات: دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵقەی پانزە لە وەرزی 2،بە ناونیشانی (Oh Brother, Where Art Thou)، گرتەکە دەگەڕێتەوە بۆ چاوپێکەوتنی (هۆمەر) بە دکتۆر لە کاتی گەڕان بۆ برا ناشەرعیەکەی.

بڵاوبوونەوەی ئەم پۆستە دوای ئەوە دێت کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (ئاوڵەی مەیموون) لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات باری نائاسایی گشتی ڕاگەیاند کە دواتر بە خێرایی بۆ وڵاتانی دراوسێ بڵاوبووەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم پۆستە دوای ئەوە دێت کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (ئاوڵەی مەیموون) لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات باری نائاسایی گشتی ڕاگەیاند کە دواتر بە خێرایی بۆ وڵاتانی دراوسێ بڵاوبووەوە.

جێی باسە پێشتر ئەو دەزگایە لە ساڵی 2022 باری لە ناکاوی ڕاگەیاند دوای ئەوەی ئەو نەخۆشییە لە 74 وڵات بڵاو بووەوە.

ئاوڵەی مەیموون، جۆرێکە لە ڤایرۆسی ئاوڵەی لەناوبراو، لە بەشێک لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقادا هەیە و بەزۆری لە مێشوولە یان شیردەرە بچووکەکانەوە تووش دەبیت.

ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون دەکرێت لە ڕێگەی بەرکەوتن لەگەڵ شلەی جەستە، برین، یاخود جل و بەرگ و جێگەی نوستن کە بە ڤایرۆسەکە پیس بووە بڵاو ببێتەوە، هەروەها دەتوانرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر لە ڕێگەی دڵۆپەی سیستەمی هەناسەدانەوە بگوازرێتەوە.

هەرکەسێک بەرکەوتنی لەگەڵ کەسێکدا هەبووبێت کە نەخۆشی پێستی هەبێت هاوشێوەی ئاوڵەی مەیموون، یاخود بەرکەوتنی لەگەڵ کەسێکدا هەبووبێت کە حاڵەتێکی ئەگەری یاخود پشتڕاستکراوەی ئاوڵەی مەیموونی هەبوبێت ، مەترسی تووشبوونی لەسەرە.

نیشانەکانی توشبوون بەو ڤایرۆسە چییە؟

1-نەخۆشی پێست.

2-تا.

3- هەوکردنی گەروو.

4- سەرئێشە.

5- ئازاری ماسولکەکان.

5- ئازاری پشت.

6- لەدەستدانی هێز و توانا.

8- ئاوسانی گرێ لیمفاویەکان.