ڕاستی دۆزینەوەی تەرمی ڕفێندراوێکی دانیشتووی گەرمیان لە سەر ڕێگای بەغداد - کەرکوک چییە؟

 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "تەرمی شۆفێرێکی کورد لە عزێم بە فڕێدراوی دۆزرایەوە".

ڕونکردنەوە

ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە چەواشەکارانەیە، هێزێک لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای دیالە توانی لە 28ی ئابی 2024 لەسەر ڕێگای بەغدا - کەرکوک ڕفێندراو (حەسەن ڕەشید جاف) ئازاد بکات، دوای ئەوەی ڕفێنەرەکان لەگەڵ خێزانی شۆفێرەکە قسە دەکەن بۆ ئەوە بەرامبەر بڕێک پارە ئازادی بکەن.

هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە (موسەنا عەلی تەمیمی) دوای سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دیالە لە بەرواری 28ی ئابی 2024 ڕایگەیاند کە ڕفێندراوەکە لە دوای 18 کاتژمێر لە ڕفاندنی ئازاد کرا و ڕفێنەرەکانیش دەستگیرکران.