ڕاستی هەواڵی گیانلەدەستدانی نور زووهەیر تۆمەتبار بە دزی سەدە چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "میدیای لوبنانی نور زوهێر گەورەدزی سەدە لەعێراق لەڕوداوێکی تەمومژاوی هاتووچۆ لەلوبنان گیانی لەدەستدا بەلام تائێستا میدیای عێراقی بەفەرمی گیان لەدەستدانی پشت ڕاست نەکردۆتەوە ڕوداوەکە دوای ئەوەدێت کەناوبراو ئەوەی ئاشکرای کردبوو کەئەگەر بدرێتە دادگا ناوی نوری مالیکی و چەند بەرپرسێکی بالای شیعەکان ئاشکرا دەکات کەپالپشتی بوونە لەدزیەکە".

ڕاستییەکە

هەواڵی گیانلەدەستدانی (نور زووهەیر) ڕاست نییە، بەو پێیەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لوبنانی هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت (نور زووهەیر) توشی ڕوداوێکی هاتووچۆ بووە لە ناوچەی حەدت لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، بەڵام لەلایەن سەرچاوەی فەرمییەوە ئەو هەواڵە پشت ڕاست نەکراوەتەوە.

هەروەها هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی عەرەبی و ناخۆیی هەواڵی گیانلەدەستدانی بڵاونەکردوەتەوە.

 جێی باسە ڕۆژنامە نووسی عێراقی (ئەمین ناسڕ) کە دانیشتووی بەیروتە، لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەرکەوت لە پێش ئەو نەخۆشخانەیەی گوایە (نور زووهەیر) بۆ گواستراوەتەوە لە دوای ڕووداوەکە، هەروەها ئەو ڕۆژنامە نووسە ئاماژەی پێداوە کە پەیوەندی بە چەند لایەنێکەوە کردووە بۆ پرسیارکردن دەربارەی ڕووداوەکە، بەڵام نەگەشتووە بەهیچ سەرچاوەیەک کە ڕاستی ئەو بابەتە بسەلمێنێت، هەروەها ئاماژەی پێداوە:

"هیچ ڕووداوێک نییە، ئەو خوێنەش تەنها بۆیاغە".

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای دەرکەوتنی نور زووهەیرە لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی شەرقیە لە بەرواری 18ی ئابی 2024 ،کە تۆمەتباری سەرەکی دۆسیەی دزینی پارەی باجە، کە ناسراوە بە "دزی سەدە".

ئەمەش دوای ئەوەی دادگایی کردنی دواخرا بۆ 27ی ئابی 2024، کە بڕیار بوو لە 14ی ئابی بەڕێوەبچێت.