ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە ڕاکردنی دانیشتووانی بەنگلادیشە بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "هزارەها هندۆسی وەڵاتێ بەنگلادیش بجهـ دهێڵن پشتی کو ئەو وەڵات کەڤتیە دەستێن موسلماناندا و حکومەتا وی وەڵاتی ژناڤچووی".

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی حوزەیرانی 2024، بە ناونیشانی" وێستگەی کەشتی لە پایتەختی بەنگلادیش (دەکا) " بڵاوکراوەتەوە، کە چڕی دانیشتوان و قەرەباڵغی هاتووچۆ نیشاندەدات لە پایتەخت.

هەروەها حکومەتی نوێی بەنگلادیش ڕایگەیاند کەوا کاردەکەن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی هێرشکردنە سەر هیندۆسەکان و کەمینەی ئاینەکانی تر کە گوایە هێرش کراوەتە سەریان دوای ئەوەی حکومەتی سەرۆک وەزیرانی پێشوو ڕووخا.

دەکا دادەنرێت بە یەکێک لەو شارانەی کە زۆرترین چڕی دانیشتوانی هەیە لە جیهاندا، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 22 ملیۆن کەسە، کە بووەتە هۆی ئاستەنگی هاتووچۆ لە شارەکە.

بڵاوکردنەوەی ئەم پۆستە هاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بەنگلادیش کە لە مانگی تەمموزەوە بەردەوامە و بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 400 هاوڵاتی و زیادبوونی توندوتیژی و ڕاکردنی سەرۆک حکومەتی بەنگلادیش (شێخە حسێنە) و دروستکردنی حکومەتی ئینتیقالی بە سەرۆکایەتی (محەمەد یونس) کە براوەی خەڵاتی (نۆبڵی ئاشتیە).