ئایا لە وێنە سووڕاوەکەدا دەرکەوتووە کە ترافیک لایتێک بەهۆی گەرما لە بەغدا دەتوێتەوە؟

 وێنەیەک لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەوە، لەگەڵ ئەم دەقەی خوارەوە:”ترافیک لایتی چوار ڕێیانی عامریە لە بەغدا”.

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایەی هاوپێچ کراوە درۆیە، بەو پێیەی وێنە بڵاوکراوە کۆنە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تەمموزی 2022، لەو کاتەدا بە هەمان شێوەی دروستکراو لەلایەن ماڵپەڕە بیانییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە و لەگەڵ گۆڕینی ناوی شارەکە.

بەڵام هۆکاری توانەوەی ترافیک لایتەکە ئاگرێکە کە لە ماتۆڕسکیلێکدا کەوتبوو کە لەژێر ترافیک لایتەکە وەستابوو، بەهۆیەوە بەشێکی تواوە، لە چوار ڕێیانێکدا لە ئیتاڵیا.

کەسێک بەناوی (سایمۆن لۆنگی) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە 29ی تەمموزی 2022 وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە هەمان ئەو ترافیک لایتە دەردەکەوێت لە وێنەکەدا، هەروەها ڕوونکردنەوەیەک لەڕێگەی ڤیدیۆ کلیپێکەوە هۆکاری زیانەکانی (ماتورسیکلە سووتاوەکە) ئاشکەرادەکات.

جێگای سەرنجە کە ماڵپەڕی (open.online) پێشتر لە ساڵی 2022دا گەیشتبووە ئەم ئەنجامە، کاتێک پەیوەندی بە تیمی ئاگرکوژێنەوەی میلانۆ و پۆلیسی ناوچەکەوە کردبوو لەو کاتەدا و بۆیان پشتڕاستکردەوە کە ئاگر لە هەمان ناوچە ڕوویداوە، ئەوانیش پشتڕاستیان کردەوە کە ڕووداوەکە ڕوویداوە: “لە چوار ڕێیانی ڤیالی ڕیژینا مارگریتا بۆ بێرگامۆ.”

بەلاوکردنەوەی ئەم وێنەیە لەگەڵ ئەو ئیدیعا درۆیە لە کاتێکدایە کە پلەکانی گەرما بەرزبوونەتەوە و ئاستی نیوەی تێپەڕاندووە کە (50 پلەی سەدی)یە لە بەغدای پایتەخت و ژمارەیەک لە پارێزگاکان.