ئایا ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە ئێسک و وپروسکی ناو یەکێک لە زیندانەکانی ژێرزەمین نیشاندەدات لە بەنگلادیش؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت " دیمەنی ئێسک وپروسکگەلێکی ئێجگار زۆری زانا و بانگخواز و چالاکوانە موسوڵمانەکانی بەنگلادیش، کە لە زیندانەکانی شێخە حەسینەی دیکتاتۆردا".

ڕاستییەکە

ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕستانی (Catacombs) لە ژێرزەوی لە پاریس کە ناسراوە بە (ژێرزەمینی مردووەکان) چەندین پاشماوەی تێدایە.

مێژووی ئەم ژێرزەمینە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی 18 کاتێک بڕیاردرا لەسەر گواستنەوەی گۆڕستانە گشتیەکانی بۆ شوێنێک لە دەرەوەی شار بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی دوای ئەوەی چەند گرفتێک لە کاتەدا سەری هەڵدا.

لە ساڵی 1809 ئەو گۆڕستانە کرایەوە بۆ سەردانیکەرانی، لە ئێستادا ساڵانە نزیکەی 550،000 سەردانیکەری هەیە.
ڤیدیۆکە لە بەرواری 26ی نیسانی 2024 لەلایەن هەژمارێکەوە بڵاوکراوەتەوە بەناوی (Samara Adventures) کە تایبەتە بە سەردانیکردنی شوێنی نامۆ و سەرنجڕاکێش.

بە گەڕانی زیاتر چەندین ڤیدیۆمان دۆزیەوە کە لە ساڵانی ڕابردوو بڵاوکراونەتەوە کە هەمان ژێرزەمین و هەمان شوێن نیشاندەدەن.

بڵاوکردنەوەی ئەم پۆستە دوای ئەو ڕووداوانە ئەم دواییەی بەنگلادیش دێت، کە سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش (شێخە حەسینە) دەستی لە کار کێشایەوە و وڵاتەکەی جێهێشت، دوای ئەوەی کۆشکەکەی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە کۆنترۆڵ کرا، لە هەمان کاتدا زیاتر لە 400 هاوڵاتی کوژراون بەهۆی خۆپیشاندان و توندوتیژی.

لەبەرامبەر ئەمەدا حکومەتێکی ئینتیقالی پێکهێنرا بە سەرۆکایەتی (محەمەد یونس) کە خەڵاتی (نۆبڵی ئاشتی) بەدەستهێناوە، ئەوەش دوای ئەو چەند هەفتە سەختەی وڵاتەکە پێیدا تێپەڕی.