ڕاستی ئەو پۆستە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە ئێران 8 هەزار ئۆتۆمبیلی "سایپا"ی هەناردەی عێراق کردووە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ئێران ٨ هەزار ئۆتۆمبیلی لەجۆری سایبا رەوانەی بازارەکانی عێراق کرد".

ڕاستییەکە

 لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی ناردنی 8 هەزار ئۆتۆمبیلی نوێ لە لایەن کۆمپانیای (سایپا) ئێرانی بۆ عێراق، نەگەشتین بە هیچ سەرچاوەیەک کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت، بەو پێیەی هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی عێراقی یاخود ئێرانی هەواڵی هاوشێوەیان بڵاونەکردوەتەوە.

هەروەها ئەو کۆمپانیایە هیچ هەواڵێکی هاوشێوەی بڵاونەکردوەتەوە لە ماڵپەڕە فەرمیەکەیان.

جێی باسە وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان (عەبدولزەهرە هەنداوی) لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لە یەکێک لە پڕۆگرامە تەلەفزیۆنیەکاندا لە بەرواری 20 شوباتی 2024 ڕایگەیاند کەوا ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان پابەند دەکرێن بە پەیڕەوکردنی ستانداردەکانی عێراق، گوتی:

"ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکانمان پابەند کردووە بە ستانداردەکانی عێراق، کە یەکێکە لە باشترین ستانداردەکان لە جیهان و هاوشانی ستانداردەکانی خەلیجە، بۆیە لە ئێستادا ئۆتۆمبێلی سایپای ئێرانی هاوردەناکرێت و زۆربەی ئەو جۆرانەی دەگاتە سنوورەکان ڕەتدەکرێنەوە ".

سەبارەت بەو وێنەیەی هاوپێچکراوە کۆنە، پێشتر لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی ئێران لە ساڵی 2016 بڵاوکراوەتەوە.

هەروەها گەشتین بە گرتە ڤیدیۆیەک کە لە بەرواری 30 تشرینی یەکەمی 2016 بڵاوکراوەتەوە، کە تێیدا جێگری سەرۆکی هەناردەکردنی گروپەکانی سایپا بۆ ئۆتۆمبێل (موحسین جافان) دەردەکەوێت لە کاتی ڕاگەیاندنی هەناردەکردنی "یەکەم بەرهەمی هاوبەشی کۆمپانیای سایپا لەگەڵ کۆمپانیای بیانیەکان بۆ عێراق" ، لە پشتیەوە هەمان بارهەڵگر دەردەکەوێت کە هەمان ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەرە و لە پێشەکەی هەمان بانەری پێوەیە و لە تەنیشت هەمان ئۆتۆمبێلە،کە لە وێنە بڵاوکراوەکە دەردەکەوێت، لە هەمان ڤیدیۆدا جافان ڕایگەیاند کەوا "زیاتر لە 150 هەزار ئۆتۆمبێل" هەناردەی عێراق دەکەن.