ڕاستی ئەو هەواڵە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە پلەی گەرمی لە مشعەری عەرەفات گەشتوەتە 72 پلەی سەدی؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "تەندروستی سعودیە :نیوەڕۆی ئەمڕۆ پلەکانی گەرما لەمشعەر عەرەفات گەشتوەتە 72 پلەی سەدی".

ڕونکردنەوە

ئەوەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی سعودیە بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە گەشتنی پلەکانی گەرما بە 72 پلەی سەدی لە ڕاستیدا پێوانەی ڕووی زەویە لەژێر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر لە مشعەری عەرەفات، نەک پلەی کەش و هەوا، کە دەتوانیت لە شێوازی داڕشتنی هەواڵە بڵاوکراوەکە لێی تێبگەیت.

 

 

في مشعر عرفات، تصل درجات حرارة الأسطح تحت أشعة الشمس إلى (72) درجة..
اعرف درجة الحرارة في الظل، واحمِ نفسك لإكمال المناسك بصحة.#حج_بصحة#يسر_وطمأنينة pic.twitter.com/wYJn7GK0kM

— وزارة الصحة السعودية (@SaudiMOH) June 13, 2024

 

 

 

وەزارەتی تەندروستی سعودیە لە کاتژمێر دووی نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە 13 حوزەیرانی 2024،پلەکانی گەرمای لەسەر چەند ڕوویەک پێوا لە عەرەفات و بە ڤیدیۆ لە هەژمارەکانی بڵاویکردەوە، پلەکان بەم شێوازە بوون:-

-پلەی گەرمی ڕووی ڕێگای هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان گەشتە 72 پلەی سەدی.

-پلەی گەرمی ڕووی سەر شاخی رەحمە (شاخی عەرەفات) گەشتە 62 پلەی سەدی.

-پلەی گەرمی ڕووی ڕێگای سپی پیادەکان گەشتوەتە 57.6 پلەی سەدی.

-پلەی گەرمی ڕووی ئەو ناوچانەی سێبەری داری لێیە گەشتوەتە 47.6 پلەی سەدی.

-پلەی گەرمی ڕووی ناوەوەی سێبەرەکە گەشتوەتە 48.8 پلەی سەدی.

-پلەی گەرمی ڕووی زەوی لە دەرەوەی سێبەر گەشتوەتە 57.2 پلەی سەدی.

پلەی گەرما لە مشعەری عەرەفات بۆ بەرواری 13 حوزەیرانی 2024 گەشتە 45 پلەی سەدی، ئەوەش بەپێی سەنتەری نیشتمانی کەشناسی لە سعودیە.

 

 

أعلى درجات الحرارة المسجلة اليوم #الخميس 2024/6/13م#نحيطكم_بأجوائكم pic.twitter.com/O208kuiifw

— المركز الوطني للأرصاد (NCM) (@NCMKSA) June 13, 2024

 

 

 

پێویستە بزانین کە پێوانەکردنی زانستی پلەی گەرمی کەشوهەوا کە لە ئاستی نێودەوڵەتی باوەڕپێکراوە بە پێی ڕێکخراوی کەشوهەوای جیهانی کە پابەند کراوە بە ستانداردی جێگیرکراو، بریتییە لە (پێوانەکردنی پلەی گەرمی هەوا لە سێبەردا بە بەکارهێنانی گەرماپێوەر).

هەروەها پلەی گەرمی پێوانە ناکرێت لە ژێر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر، ئەوەش بەهۆی کاریگەربوونی گەرماپێوەکە بە تیشکەکان و پێدانی خوێندنەوەی جیاواز لە پلەی کەشەکە.