ئایا ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە دیزاینی نوێی قوتوی کۆمپانیای پێپسیە کە ناوی فەلەستینی لەسەرە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "پاش ئەوەی لە پێناو پشتگیریکردنی فەڵەستیندا هەڵمەتێکی بایکۆتکردنی بیبسی بەڕێوەچوو ئێستا بیبسییەکی نوێ پەیدابووە بەناوی فەڵەستینەوە".

ڕاستییەکە


ئەو ئیدیعایەی هاوپێچکراوە ڕوون نییە، بەو پێیەی ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ دیزاینێک کە پێشتر لە مانگی ئابی 2023 بڵاوکراوەتەوە، واتا مانگێک پێش دەستپێکردنی هێرشکردنە سەر غەزە لە بەرواری 7 تشرینی یەکەمی 2023.

هەروەها پێشتر گروپی (کۆمپانیاکانی یازجی) بۆ پڕکردنەوەی خواردنەوە سوکەکان لە غەزە وێنەیەکی هەمان دیزاینی بڵاوکردوەتەوە لە مانگی ئابی 2023، ڕایگەیاند کەوا بەرهەمی (پێپسی و پێپسی ماکس) بڵاودەکەنەوە کە بەرجەستەی "ناسنامە و شوناسی فەلەستین" دەکات لە ڕێگەی وێنەی سەر قوتوەکە و نوسینی فەلەستین لەسەری.

بڵاوکردنەوەی ئەو پۆستە دوای ئەوە دێت کە هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵای ئەو کۆمپانیایانە دراوە کە پاڵپشتی ئیسرائیل و جەنگی سەر غەزە دەکەن، لەگەڵ بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ پشتگیریکردن لە بەرهەمە ناوخۆییەکان.

هەروەها بە گەڕانەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمی کۆمپانیای (پێپسی) بۆمان دەردەکەوێت کە ڕاینەگەیاندووە قوتوی تازە بەو دیزاینە بخاتە بازاڕەوە.