پەیوەندی نێوان وێنەکەی جۆرج بوش کە لەسەر زەوی هۆتێل ڕەشید لە بەغدا کێشراوە لەگەڵ هونەرمەند لەیلا عەتار چییە؟

سەرەڕای ئەوەی چەندین جار هەستاین بە ڕونکردنەوەی هۆکاری ڕاستی گیان لەدەستدانی هونەرمەندی عێراقی (لەیلا عەتار)بەڵام ماوەی جارێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چیرۆکێکی ساختە بڵاودەکرێتەوە سەبارەت بە هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو هونەرمەندە کە گوایە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج بەهۆی کێشانی وێنەی جۆرج بوش لەسەر زەوی هۆتێل ڕەشید لە بەغدادی پایتەخت.

ڕاستییەکە
هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو هونەرمەندە بەهۆی چەند موشەکێکەوە بوو کە لەلایەن ئەمریکاوە هەڵدرا لەساڵی 1993، ئەوەش بە فەرمانی(بیڵ کلینتۆن) بوو وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە حکومەت و ئاگەدار کردنەوەیان لەدوای تاوانبارکردنی چەند ئەندامێکی هەواڵگری عێراق بە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەمریکا(جۆرج بوش)لە کاتی سەردانیکردنی کوەیت.

زیاتر لە 20 موشەک لە جۆری(کروز) هەڵدرا بەهۆیەوە نزیکەی 60 کەس بوونە قوربانی کە یەکێک لەوانە لەیلا عەتار بوو.

یەکێک لەو شوێنانەی کە كرایە ئامانج بارەگای هەواڵگری عێراق بوو کە نزیک ماڵی ئەو هونەرمەندە بوو،لەدوای پەیوەندیکردن بە کوڕەکەی(حەیدەر جریدان) ڕایگەیاند

"ماڵمان لە پشت بارەگای هەواڵگری عێراق بوو، لەو شەوەدا 24 موشەک ئاڕاستەی ئەو بارەگایە کرا و دوانیان غەڵەتیان کرد،کە یەکێکیان کەوتە گەراجەکەمانەوە کە لەو کاتە لە مەتبەخ دەردەچوین و لەناکاو ماڵەکە پاڵنرا بۆ لایەک، من و خوشکە بچوکەکەم و کچی خاڵۆم ڕزگارمان بوو، دایکم و باوکم و بەخێوکەرەکەمان پورە خەدیجە شەهیدبوون، موشەکی دووەم کەوتە ماڵی شەهید مەعن قەیسی کە خۆی و کوڕەکەی محەمەد شەهیدبوون و هاوسەرەکەی ڕزگاری بوو."

هەروەها گوتی کە دایکی هیچ پەیوەندیەکی نییە بە وێنەکەی جۆرج بوش و ڕونیکردەوە"ئەوە کەسەی وێنەکەی کێشاوە خەڵکی دیالەیە و کاری مەڕمەڕ دەکات و لەسە داواکاری فەرمانگەی ئەندازیاری کۆشک کێشاویەتی".

حەیدەر جرێدان لە کۆتایدا گووتی

"ئاسانترین شت لە عێراق شاردنەوەی ڕاستیەکانە و تێکەڵکردنی ڕوداوەکانە ئینجا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش زیادی کرد،لەگەڵ ڕێزدا".