ڕاستی هەواڵی ڕەتکردنەوەی بانگهێشتنامەی تورکی ال شێخ لەلایەن فەیروزەوە بۆ گۆرانی وتن لە سعودیە چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت " گۆرانی بێژی ناودار فەیرۆز ڕەتی داواکاری( تركي آل الشيخ) ی کردەوە لەوەی بچێتە ووڵاتی سعودیاو لەوێ گۆرانی بڵێت".

ڕونکردنەوە

ئەو ئیدیعایەی بڵاوکراوەتەوە نادروستە، لەم دواییانەدا هیچ لێدوانێک نەدراوە لەلایەن هونەرمەندی لوبنانی (فەیروز) کە باس لە ڕەتکردنەوەی داوەت نامەیەکی سەرۆکی دەستەی گشتی کات بەسەربردنی شانشینی سعودیە (ترکی ال شیخ) بکات، هەروەها کچەکەی فەیروز (ریمە رەحبانی) هیچ لێدوانێکی هاوشێوەی لە زاری دایکییەوە نەگواستەتەوە.

جێی باسە هونەرمەند (غەسان ئیلیاس رەحبانی) پێشتر لە بەرواری 17 شوباتی 2024 لە ڕێگای ڕادیۆی (شام ئێف ئێم) باسی فەیروز و ئاهەنگەکانی کرد لە ولاتانی کەنداو، پێشکەشکارەکە پرسیاری کرد ئاخۆ هیچ داوەت نامەیەک بە تایبەت پێشکەشی ئەو هونەرمەندە کراوە لە ساڵی 2023 بۆ دەرکەوتنی لە ئاهەنگێک لە یەکێک لە وڵاتانی خەلیج، لە وەڵامدا رەحبانی گوتی ڕاستە بەڵام فەیروز ئەو بانگهێشتنامەیەی ڕەتکردوەتەوە بێ ئاماژەدان بە هۆکارەکەی.

واتا هیچ سەرچاوەیەک یاخود بەیاننامەیەکی فەرمی نوێ نییە سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی بانگهێشتنامەیەکی نوێ لەلایەن فەیروزەوە بۆ ئاهەنگێک لە وڵاتی سعودیە.