ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چیە کە گوایە بۆردومانکردنی کەرتی غەزە نیشان دەدات ؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە ساتی بۆردومانکردنی غەزەیە.

ڕونکردنەوە

سەرباری بۆردومانکردنی کەرتی غەزە بە شێوەیەکی چڕ و توند لە سەرەتای دەستپێکردنی تۆفانی ئەقساوە کە بە هۆیەوە هەزاران شەهید و بریندار لێکەوتۆتەوە،بەڵام ئەم گرتە ڤیدیۆییە ساتی بۆردومانکردنی غەزە نییە کە بە شێوەیەکی چەواشەکارانە بڵاوکراوەتەوە، لە کاتی لێکۆڵینەوە لە وەشانێکی ڕوونتری ڤیدیۆیەکە تێبینی چەند شتێکمان کرد، لەوانە:

-ئەو ڕووناکی و ئاگرانە بەهۆی هەڵدانی یاریە ئاگرینەکانەوەیە، لە کاتی گوێگرتن لە ڤیدیۆیەکە دەتوانی بە ڕوونی گوێت لە دەنگی هەڵدانی یاریە ئاگرینەکانە ببێت.

-شەقام و ئۆتۆمبێلەکان بە شێوەیەکی پاک و سەلامەت دەردەکەون و هیچ زەرەرێکیان پێوە دیار نییە.

-بڵێسەی ئاگرەکان تەنها لە سەربانی باڵەخانەکان هەیە ئەوەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە یاریە ئاگرینەکانە نەوەک موشەک.

-دەتوانی تێبینی چەندین کەس بکەیت کە لە سەربانی باڵەخانەکان وەستاون.

-نەبوونی هیچ باڵەخانەیەک کە زەرەری بەرکەوتبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا گەشتین بە چەندین ڤیدیۆی هاوشێوە کە لە چەند گۆشەیەکی جیاوازەوە تۆمارکراون کە ئاهەنگ گێڕانی جەماوەری یانەی (بلوزدادی) جەزائیری نیشان دەدات لەدوای بەدەست هێنانی نازناوی پاڵەوانیەتی جەزائیر لە ساڵی 2020.

هەروەها بەشی لێکۆڵینەوەی هەواڵەکانی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندوە کە لە ڕێگای وێنەی مانگە دەستکردەکان توانیویانە شوێنی تۆمارکردنی ئەو گرتە ڤیدیۆییە دیاری بکەن کە دەکەوێتە ناوچەی (سیدی امحمد) شەقامی(لحسن میمونی) لە پایتەختی جازائیر.