ڕاستی هەواڵی دەستگیرکردنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق چییە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "محەمەد شیاع سودانی دەستگیرکرا".
ڕاستییەکە
ئەو هەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە دەستگیرکردنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، ساختەیە.
لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە لە ڕێگەی وێبگەڕەکانی گەڕان، هیچ سەرچاوەیەکی متمانەپێکراومان نەدۆزرایەوە کە پشتگیری لەم هەواڵە بکات. هەروەها بە گەڕانەوە بۆ هەژماری هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی دەکات, هیچ پۆست و لێدوانێکمان نەدۆزیەوە کە ڕەوایەتی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت. بە هەمان شێوە هیچ کام لە میدیا ناوخۆییەکان، چ فەرمی یان نافەرمی، هەواڵی هاوشێوەیان ڕووماڵ نەکردووە.
لای خۆیەوە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی لە 28ی حوزەیرانی 2026 بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە:
"هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پشتیوانی خۆی بۆ ئەو ڕێوشوێنانە دەردەبڕێت کە لەلایەن حکومەت و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەرامبەر ئەو کەسانە گرتووەتە بەر کە فەرمانی دەستگیرکردنی فەرمییان بۆ دەرچووە، ئەمەش بە پشتبەستن بە باوەڕێکی پتەوی هاوپەیمانی بە سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە:
"هاوپەیمانی پاڵپشتی خۆی بۆ پرۆسەی ڕەوانەکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی بۆ دەسەڵاتی دادوەری دووپاتدەکاتەوە و بەگوێرەی چوارچێوە دەستوری و یاساییەکان لەگەڵیاندا بەردەوام دەبێت، بەمەش پرەنسیپی لێپرسینەوە بەهێزتر دەکات، کە دوورە لە هەر ڕەچاوکردنێکی سیاسی".
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ساختەیە دوای ئەوە دێت کە لە چەند پارێزگایەکی عێراق، و ناوچەی سەوز لە سەنتەری بەغدای پایتەخت، لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026، هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەی پێکرا، هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی هەڵمەتی دەستگیرکردن کە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و بەرپرسی سیاسی کردە ئامانج، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە کەیسەکانی گەندەڵی دارایی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.
بەگوێرەی ماڵپەڕە هەواڵییەکان، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی ئەنجامداوە کە کەسایەتییە سیاسییەکان و ئەندامانی پەرلەمانی لەخۆگرتبوو، ڕوونیکردەوە کە ئەو ڕێوشوێنانە لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەری هاتوون، هەروەها بە پەیوەست بە دۆسیەکانی گەندەڵی دارایی و ئیداری.
ئەم پێشهاتانە لەگەڵ توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانە لە دەروازەکانی ناوچەی سەوز و ئەو ڕێگایانەی کە بەرەو ناوچەی سەوز دەڕۆن، کە ناوچەیەکە بارەگای باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لە ژمارەیەک دامەزراوەی نێودەوڵەتی و فەرمانگەی حکومی و شوێنی نیشتەجێبوونی بەرپرسانی باڵا.
شایانی باسە، ئاژانسی هەواڵی عێراقی لە 28ی حوزەیرانی 2026، ناوی ئەو کەسانەی ڕاگەیاند کە لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا تێوەگلاون، لەنێویاندا ئەندامانی پەرلەمان و بەرپرسانی حکومی هەن، بە پشتبەستن بە دانپێدانانی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزیری نەوتی عێراق، لە نێو ئەو ناوانەی کە ئاژانسەکە ڕایانگەیاندووە بریتین لە: موسەنا سەمەڕائی، عالیا نوسەیف، بوشرە قەیسی، بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، عەلی مەعرەج، و محەمەد کەربولی.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی