ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە کە گوایە ئۆتۆمبێلێکی BYD بە هۆی پاتریەکەیەوە لە بەغدا دەتەقێتەوە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "کاتی تەقینەوەی ئۆیۆمبێلیکی( سینی BYD ) لە بەغدا هۆکارەکەی وەک دەگووترێت پاتریەکانی ئۆتۆمبێلەکەی بووە".
ڕاستییەکە
ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بانگەشەی ئەوە دەکات ئۆتۆمبێلێکی جۆری BYD بەهۆی تێکچوونی پاترییەکەی لە بەغدا تەقیوەتەوە، چەواشەکارانەیە، دەرکەوت کە تەقینەوەکە بەهۆی بوتڵێکی غازەوە بووە کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکە بووە، نەک بەهۆی پاترییەوە.
بەگوێرەی هەواڵەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە ڕووداوەکە هۆکارەکە بۆ هەڵەیەکی خاوەن ئۆتۆمبێلەکە دەگەڕێتەوە، ئۆتۆمبێلەکە بوتڵێکی غازی تێدابووە کە غاز لێوەی دزەی کردووە، لەگەڵ جگەرەیەکی داگیرساودا کە لە دەستی شۆفێرەکەیە، کردنەوەی دەرگاکە و ڕێگەدان بە چوونە ژوورەوەی ئۆکسجین بووەتە هۆی تەقینەوەی، بەهۆی ئەوەی کە غازەکە ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکەی پڕ کردبوو، لە ئەنجامدا تەقینەوەکە ڕوویداوە، هەروەها دەرکەوت کە پاتری ئۆتۆمبێلەکە وەک خۆیەتی و هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە، بەمەش کەموکوڕی لە دروستکردنی ئۆتۆمبێلەکە یان تێکچوونی سیستەمی ئۆتۆمبێلەکە ڕەتدەکاتەوە.
جگە لەوەش شیکاری ڤیدیۆکە لە گۆشەیەکی جیاوازەوە چەند نیشانەیەک دەردەخات کە پشتڕاستی دەکاتەوە کە تەقینەوەکە بەهۆی پاترییەوە نەبووە، بەو پێیەی هیچ نیشانەیەکی ڕوونی سووتان لەسەر پێکهاتەی ئۆتۆمبێلەکە نییە، هەروەها گرتەیەکی دیکە لە گۆشەیەکی جیاوازەوە دەستکەوتووە کە هیچ نیشانەیەکی ئاگرکەوتنەوە پێش تەقینەوەکە یان دوای تەقینەوەکە نیشان نادات، هەروەها هیچ دوکەڵێکیش بەدی ناکرێت کە ئاماژە بەوەبکات پاترییەکە گڕی گرتووە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەو ئۆتۆمبێلەی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەرکەوتووە ئۆتۆمبێلێکی جۆری BYD Seal 06 ، کە پاترییەکی لیسیۆم ئایرۆن فۆسفات (LFP)ی تێدایە، کە بە پاتری Blade ناسراوە، ئەم پاترییە لەبری ماددە کارلێککەرەکان فۆسفاتی ئاسن بەکاردەهێنێت، ئەمەش وایکردووە کەمتر تووشی هەڵاتنی گەرمی بێت، تایبەتمەندە بەوەی زیاتر بەرگەی گەرما و زەبری لە ناکاو دەگرێت، و زۆرجار لە کاتی گڕگرتنی بە هێواشی دەسوتێت نەک لەناکاو بتەقێتەوە، کە بە دوکەڵی سپی یان خۆڵەمێشی دەست پێدەکات و دواتر گەشە دەکات بۆ ئاگرێک وردە وردە، نەک تەقینەوەی ڕاستەوخۆ.
لەم ساڵانەی دواییدا لە جیهاندا بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی ڕووی لە زیادبوون کرد، لەکاتێکدا وڵاتان هەنگاو دەنێن بەرەو جێگرەوە بۆ سووتەمەنی تەقلیدی بەمەبەستی کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن و پاراستنی ژینگە، ئەم ئۆتۆمبێلانە بە کارایی وزەی بەرزتر و کەمبوونەوەی ئاستی پیسبوونی ژینگە بە شێوەیەکی بەرچاو دەناسرێنەوە، لە کاتێکدا کۆمپانیا جیهانییەکان بەردەوامن لە پێشبڕکێ بۆ پەرەپێدانی پاتری کاراتر و سەلامەتتر.
سەرەڕای سوودە بەرچاوەکانی پاتری لیسیۆم، هەندێک مەترسیش دروست دەکەن کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن، یەکێک لەوانە دەتوانن زۆر گەرم ببن، و گڕ بگرن، یان بتەقنەوە ئەگەر کەموکوڕییەکی بەرهەمهێنان یان خراپ بەکارهێنانیان هەبێت، جگە لەوەش شەحنکردنەوەیان بە شێوەیەکی ناپارێزراو دەکرێت ببێتە هۆی ڕووداوێک کە مەترسی لەسەر سەلامەتی بەکارهێنەر دروست بکات، جگە لەوەش لە کۆتایی تەمەنیاندا تەحەدای ژینگەیی دەخەنە ڕوو بەهۆی بوونی ماددە کیمیاییەکان و کانزا قورسەکان کە دەتوانن ببنە هۆی پیسبوونی ژینگە، بۆیە کۆمپانیاکان بەردەوام لە هەوڵدان بۆ پەرەپێدان و باشترکردنیان بۆ ئەوەی سەلامەتتر بن.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی