ڕاستی ئەو هەواڵە چییە کە بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن بۆ پۆلەکانی نۆیەم و دوانزەم لە تاقیکردنەوە نیشتمانییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕیارێکی نوێدا و بۆ بەرژەوەندی خوێندکاران، بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندنی پۆلەکانی 12ی ئامادەیی و 9ی بنەڕەتی لە تاقیکردنەوەی نیشتمانیدا بۆ خوێندنی ساڵی 2025 - 2026".

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵەی سەبارەت بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن بۆ پۆلەکانی نۆیەم و دوانزەم، ساختەیە.

لەکاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە بەکارهێنانی وشەی سەرەکی لە وێبگەڕەکانی گەڕان، نەگەشتین بەهیچ سەرچاوەیەک کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت، هەروەها هیچ لێدوانێک دەربارەی ئەو بابەتە لەسەر هەژمارە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاونەکراوەتەوە، وهیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ناوخۆی هەواڵی هاوشێوەی ڕووماڵ نەکردووە.

لای خۆیەوە وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە بەرواری 31ی ئازاری 2026 ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باس لە کەمبوونەوەی پرۆگرەمەکانی خوێندن دەکەن، بەڵام لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا پشتڕاستی کردەوە:

 "ئەم بابەتە بنەمای نییە و پێشتر پڕۆگرام دیاریکراوە و لەوەی بڕیاری لێ دراوە هیچ گۆڕانکاریی نەکراوە، بۆیە پێویستە میدیاکان بە وردی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتانەدا بکەن".

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ساختەیە دوای ئەوە دێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرواری 6ی ئازاری 2026 ڕایگەیاند:

 "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی سەلامەتیی مامۆستایان و قوتابییان و خوێندکاران، لە یەکشەممە 8ی 3ی 2026 تا دووشەممە 23ی 3ی 2026، لە گشت ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومی و ناحکومی و تایبەت و نێودەوڵەتییەکانیش پشوو دەبێت.".

دواتر لە 27ی ئازاری 2026 ڕاگەیەندرا، کە:

 "ئاماژە بە کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە، کە لە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 27ی 3ی 2026 ئەنجام درا بڕیار درا بە دەستپێکردنەوەی دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی 29ی 3ی 2026. پاشتر هەردوو وەزارەت لە ڕاگەیەندراوی جیادا وردەکاریی ڕێکارەکان دەخەنە ڕوو".

دواتر لە بەرواری لە 29ی ئازاری 2026، وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایانگەیاند، کە:

"پاش ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرۆسەی خوێندن ، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی دەوام لە دووشەممە 30ی ئازاری 2026eوە ، بە شێوەی ئامادەبوون، لە ناو هەموو ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی ونێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان ، تا ئەوکاتەی بەفەرمی ئاگادار دەکرێنەوە پرۆسەی دەوامکردنی ناو پۆل لە هەموو ناوەندەکانی خوێندن ئەنجامنادرێت، و دەکرێت بە بەشێوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی".