ڕاستی ئەو هەواڵە چییە لەبارەی بڕیاری ڕاگرتنی پشتگیری دارایی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق، لەلایەن حکومەتەوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "حکومەتی عێڕاق بڕیاریدا پاڵپشتی بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ڕابگرێت بەهۆی نەگەیشتیان بۆ مۆندیالی 2026".

ڕاستییەکە

‏‎هەواڵی ساختە دەربارەی دەرچوونی بڕیارێک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە ڕاگرتنی پشتگیریی دارایی بۆ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بەهۆی شکستخواردنی هەڵبژاردەکە لە گەیشتن بە کۆتاییەکانی مۆندیالی 2026.

لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی بڕیاری ڕاگرتنی پشتگیری دارایی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق، لەلایەن حکومەتەوە نەگەشتین بەهیچ سەرچاوەیەک کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت، بەو پێیەی هەژماری فەرمی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق هیچ هەواڵێکی هاوشێوەی ڕانەگەیاندووە، هەروەها هیچ سەرچاوەی باوەڕپێکراومان نەدۆزییەوە لە کاتی گەڕان لە وێبگەڕی گوگڵ بە بەکارهێنانی وشەی سەرەکی، هەروەها هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی، چ فەرمی بێت یان نافەرمی، هەواڵی هاوشێوەی نەگواستوەتەوە.

لای خۆیەوە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، کاپتن عەدنان درجال، ڕاستی هەواڵە بڵاوکراوەکەی ڕەتکردەوە، لە ڕێی بڵاوکراوەیەک لە هەژماری فەرمی خۆی لە "ئینستاگرام" لە بەرواری 24ی تشرینی یەکەمی 2025، و ڕایگەیاند:

"ئەو دەنگۆیانەی باس لە ڕاگرتنی پشتگیریی دارایی بۆ هەڵبژاردە نیشتمانییەکان دەکەن، سووکایەتیکردنە بە حکومەت و بەڕێز سەرۆک وەزیران، و ناڕاستە. پشتگیریکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانی ئەرکە، و سەرۆک وەزیرانیش زۆر سوورە لەسەر ئەوە."

هەروەها وتی:

"هەرکەسێک باس لە پارە و ژمارە دەکات، با بێت بۆ یەکێتییەکە و ئێمە ژمارەی وردی ئەوەی پێدەدەین کە لە ساڵی 2021ەوە وەرمانگرتووە."

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ناڕاستە هاوکاتە لەگەڵ سەرکەوتنی فەرمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی سعودیە بۆ مۆندیالی 2026، دوای یەکسانبوونەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە ڕێکەوتی 14ی تشرینی یەکەمی 2025، لە سێیەم گەڕی قۆناغی پاشکۆی ئاسیادا بۆ سەرکەوتن بۆ مۆندیال.