ئایا ڕاهێنەری مەغریبی حوسێن عەموتە ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق لە ئەستۆ دەگرێت؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "حوسێن عەموتە دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و رۆژی دووشەممە رادەگەیەنرێت".

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵە ساختەیە، بەو پێیەی هەریەک لە یانری جەزیرە و عەموتە ڕاستی ئەو هەواڵەیان ڕەتکردەوە.

لەکاتی لێکۆڵینەوەی زیاتردا، دەرکەوت ئەو هەواڵە دوای ئەوە بڵاوبووەتەوە کە پەیامنێرێکی کەناڵی وەرزشی دوبەی لە ڤیدیۆیەکدا، کە دواتر سڕایەوە، ڕۆژی شەممە 19ی نیسانی 2025، بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە عەموتە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو یانەی جەزیرە بەجێدەهێڵێت بۆ ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق، ئەو بانگەشەیە دوای ئەوە هات کە یەکێتی تۆپی پێی عێراق داواکارییەکەی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو ڕاهێنەرە نوێکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر یانەی جەزیرە ڕەتیکردەوە.

بەڵام یانەی جەزیرە بە خێرایی ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ڕاهێنەرە پابەندە بە یانەکەوە.

لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە ڕۆژی یەکشەممە 20ی نیسانی 2025 بڵاوکرایەوە، تیایدا هاتووە, "یانەی وەرزشی جەزیرە ڕاستی ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانە ڕەتدەکاتەوە کە دوای یاریی کۆتایی جامی بانکی ئیسلامی ئەبوزەبی بڵاوکراونەتەوە، کە تیایدا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ڕاهێنەری یەکەمی تۆپی پێی یانەکە، حوسێن عەموتە، لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتووەوە ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق لە ئەستۆ دەگرێت".

یانەکە دووپاتیکردەوە کە "ئەم هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە و ئەو ڕاهێنەرە پابەندە بە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە"

لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی کە بڵاوبوونەتەوە،ڕاهێنەر عەموتە پابەندبوونی خۆی بە یانەی جەزیرە پشتڕاستکردەوە و ڕوونیکردەوە، کە ئیدارەی یانەکە ئاگاداری نەکردووەتەوە لە داواکارییەکی فەرمی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بۆ ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی جەزیرە ڕایگەیاند کە "بیستوویەتی" یەکێتی تۆپی پێی عێراق پێشنیارێکی کردووە بۆ ئیدارەی یانەکە بۆ گواستنەوەی عەموتە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاهێنەرەکە گرێبەسەتەکەی ساڵێکی ماوە لەگەڵ یانەکەدا تا وەرزی داهاتوو، لەکاتێکدا ڕاهێنەرەکە وەرزی ئێستای تەواو نەکردووە، هەروەها یانەکە ئاسوودەیە لەگەڵیدا.

لە 15ی نیسانی 2025، یەکێتی تۆپی پێی عێراق هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، خیسوس کاساس، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراقی ڕاگەیاند، بەهۆی "پێشێلکردنی جددی پابەندبوون بە گرێبەستەکانیان"، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەندراوێکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق.