ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا سودەیس دەردەکەوێت و تێیدا ڕایدەگەیەنێت کە ئاهەنگەکانی کات بەسەربردن و سەماکردن حەرام نین و قەدەغەکراو نین؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "سودەیس..قورئانفرۆشەکەی ناو حەرەم..چۆن لەم کات و ساتی قەتڵوعامەی موسڵمانانی غەززەدا خەریکی شەرعاندنی ئەو فەسادو بێ ڕەوشتی و ڕەقص و گۆرانییەیە کە لە خاکی حەرەمەیندا بە بەرناو ابن سەلولەکان ڕێگایان پێی داوەو ڕەواجی دەکەن! سەیر نەبێت بەلاتانەوە کە ئەم دەججالانە خەتەریان بۆ سەر ئوممەتی ئیسلام لە دەججالە گەورەکە زیاترە".

ڕاستییەکە

تۆمارە دەنگییەکە ساختەیە، و ڤیدیۆ ڕەسەنەکە دەگەڕێتەوە بۆ وتاری هەینی لەلایەن سودەیسەوە، و تێیدا ڕێگەی بە ئاهەنگەکانی سەماکردن و کات بەسەربردن نەداوە.

گەڕانێکی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، لە ئەنجامدا دەرکەوت ئەو گرتە ڤیدیۆییە بەشێکە لە ڤیدیۆیی وتاری هەینی لە مزگەوتی گەورەی مەککە، کە لەلایەن کەناڵی کاروباری ئیمام و بانگخوێنان لە یوتیوب لە 17ی کانوونی دووەمی 2025 بڵاوکراوەتەوە، لە میانەی وتارەکەدا شێخ عەبدولڕەحمان سودەیسی سعودی باسی لە چارەسەرکردن و چاکبوونەوە بە قورئان و خۆپاراستن بە دوعا و پاڕانەوە کردووە، سودەیس باسی ئاهەنگەکانی کات بەسەربردن و سەمای نەکردووە، هەروەها ڕاینەگەیاندووە کە حەرام نین یاخود قەدەغەکراو نین.

ئەوەش دەیسەلمێنێت کە تۆمارە دەنگییەکە دروستکراوە و لەگەڵ ڤیدیۆ بڵاوکراوەکەدا تێکەڵکراوە، هەروەها هیچ سەرچاوەیەکمان نەدۆزییەوە کە بیسەلمێنێت سودەیس ڕێگەی بە ئاهەنگەکانی کات بەسەربردن و سەماکردن داوە، وەک لە تۆمارە دەنگییە هاوپێچکراوەکەدا دەبیسترێت، بە گەڕان بەدوای ئەو تۆمارە دەنگییە بە بەکارهێنانی وشەی سەرەکی پشتڕاست نەکرایەوە کە سودەیس وتوویەتی.