ڕاستی دابینکردنی کیسەی بەرد بۆ حاجییان بە نرخی 3 دۆلار لەلایەن سعودیە بۆ ڕەجم کردنی شەیتان چییە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "سعودییه بەرد بە کیسە دەفرۆشێت بە حاجیهكان بۆ ڕەجم کردنی شیطان، بە نرخى ٣ دۆلار".
ڕاستییەکە
هەواڵی دابینکردنی کیسەی بەرد بۆ حاجییان بۆ ڕەجم کردن بە نرخی 3 دۆلار، ساختەیە، و ئەو وێنەیەی هاوپێچکراوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2023.
لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، نەگەشتین بەهیچ سەرچاوەیەکی فەرمی کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت، بەو پێیەی هەژماری فەرمی وەزارەتی حەج و عومرە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس هەواڵی هاوشێوەی بڵاونەکردوەتەوە، هەروەها هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی باوەڕپێکراو هەواڵی هاوشێوەی نەگواستەتەوە، هەروەها هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراومان نەدۆزییەوە لە کاتی گەڕان لە وێبگەڕی گوگڵ بە بەکارهێنانی وشەی سەرەکی.
سەبارەت بەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە، گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆی، دەرکەوت کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2023 لەلایەن ماڵپەڕی ڕۆژنامەی (الرياضية) لەگەڵ ئەم دەقەدا بڵاوکراوەتەوە: "وێنەیەک کە دوێنێ گیراوە، حاجییەک کە کیسەیەکی بەردی لەناو دامەزراوەی پردی جەماراتدا بەدەستەوەیە".
لای خۆیەوە (دەستەی بەرنگاربوونەوەی دەنگۆ)ی سعودیە، لە 26ی ئایاری 2025، لەڕێگەی پۆستێکەوە لە هەژماری فەرمی خۆیان لە پلاتفۆرمی ئێکس، ئەو هەواڵەیان ڕەتکردەوە، و ڕایانگەیاند:
" دەنگۆی فرۆشتنی بەرد بە حاجیانی سعودیە ساختەیە، بەرد بەبێ بەرامبەر دابەشدەکرێت وەک بەشێک لە دەستپێشخەرییە فەرمییەکان بە سەرپەرشتی وەزارەتی حەج و عومرە، بە بەشداریی لایەنەکانی وەک کۆمپانیا کەدانە و دامەزراوەی دیاری کۆمەڵەی حاجیان و عومرەکاران".
شایەنی باسە دەسەڵاتدارانی سعودیە لە 27ی ئایاری 2025 ڕایانگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن حاجی گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، ئەوەشی پشتڕاستکردەوە کە هەموو ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ تەواو بووە.
شایانی باسە کە پلاتفۆرمی "صدق یەمەنی" کە تایبەتە بە پشکنینی ڕاستییەکان، ڕاستی ئەو هەواڵەی بڵاوکردوەتەوە لە 24ی ئایاری 2025.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی