ڕاستی هاککردنی هەژماری بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆری سلێمانی (وەهاب هەڵەبجەیی) لە ئینستاگرام چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵی هاککردنی هەژماری بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆری سلێمانی (وەهاب هەڵەبجەیی) بڵاوکراوەتەوە.

ڕاستییەکە

ئەو هەژمارەی هاککراوە بەناوی ئەو دانراوە بەڵام هەژماری فەرمی ئەو نییە.

ئەوەمان پشتڕاست کردەوە بە گەڕان بەدوای هەژمارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەری دەزگای دژە تیرۆری کوردستان، (وەهاب هەڵەبجی)، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە گەڕانەکە گەیاندینی بە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام بە ناوی بەکارهێنەری (wahabhalabjaiy).

دڵنیابووینەوە لە گەڕانەوەی هەژمارەکە بۆ ئەو لە ڕێگای پشکنینی لیستی ئەو هەژمارانەی کە فۆڵۆوی ئەکات، دەرکەوت کە تەنها فۆڵۆوی یەک هەژمار ئەکات کە ئەویش هەژماری فەرمی دەزگای دژە تیرۆری کوردستانە CTG بە ناوی بەکارهێنەر (ctgkurdistan)، کە ئەویش فۆڵۆوی یەک هەژمار دەکات کە هەژماری وەهاب هەڵەبجەییە.

بە پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی هەژماری ئینستاگرامی هەڵەبجی، دەرکەوت کە پێشتر لە پۆستێکدا کە لە بەرواری 15ی ئەیلوولی 2024 بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی پێکردووە، کە ئەمە تاکە هەژماری فەرمی خۆیەتی، ناوی بەکارهێنەری ئەو هەژمارەی هاوپێچ کردووە کە لەگەڵ ئەو هەژمارەدا دەگونجێت کە پێی گەیشتین.

هەمان شتە بۆ هەژماری فەیسبووک و ئێکسی هەڵەبجەیی، کە تەنها فۆڵۆوی هەژماری دەزگاکە دەکات و دەزگاکە تەنها فۆڵۆوی هەژمارەکانی دەکات، هەروەها ناوی هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام هاوپێچ کردووە.

سەبارەت بەو هەژمارەی کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە هی هەڵەبجییە و گروپێک هاکیان کردووە و وێنەکەیان بڵاوکردووەتەوە بەو تۆمەتەی کە دەیان کەسی بێتاوانی کوشتووە و ئارامی کوردستانی تێکداوە، کاتێک پشکنینمان بۆ کرد، هیچ شتێکمان نەدۆزیەوە کە ئاماژە بەوە بکات کە هەژماری فەرمی هەڵەبجییە، بەو پێیەی هەژماری دژە تیرۆری کوردستان (CTG) فۆڵۆوی ناکات و هیچ پۆستێکی دیکەی تێدا نییە جگە لە پۆستی ڕاگەیاندنەکە ، کە نزیکەی چوار ڕۆژ لەمەوبەر بڵاوکراوەتەوە.

هەروەها هەردوو هەژماری هەڵەبجەیی لەسەر فەیسبووک و ئێکس بەستەری هەژمارە هاککراوەکەی تێدا نییە.