ڕاستی دابینکردنی نەوتی عێراق بۆ ئوردن چییە... وە ئایا بە خۆڕایی دابین دەکرێت؟

زۆرجار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە عێراق بە خۆڕایی نەوت بۆ ئوردن دابین دەکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی گرژییە سیاسییەکانی ناوچەکە، بەڵام بە پێداچوونەوە بە داتا فەرمییەکان و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخات کە ئەو بانگەشانە ڕاست نین و پەیوەندی نەوتی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای بازرگانی ڕوون دامەزراوە کە بریتییە لە فرۆشتن بە نرخی تایبەت نەک دابینکردنی نەوت بە خۆڕایی.

ئایا نەوتی عێراق بە خۆڕایی دابین دەکرێت بۆ ئوردن؟

هیچ بەڵگەنامە و لێدوانێکی فەرمی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق یان دەسەڵاتدارانی ئوردنەوە نییە کە ئاماژە بەوە بکات کە نەوت بە خۆڕایی دەدرێت بە ئوردن، بە پێچەوانەوە، نەوت بە پێی میکانیزمێکی دیاریکراو دەفرۆشرێت کە لەسەر بنەمای نرخی نەوتی برێنت لە جیهاندا دەفرۆشرێت، لەگەڵ داشکاندنەکانی پەیوەست بە تێچووی گواستنەوە و جیاوازی کوالێتی، ئەم داشکاندنانە پێشتر بە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک خەمڵێندرابوون و بڕەکەی سنووردارە (10000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا)، ئەمەش مانای ئەوەیە کە عێراق نرخێکی تایبەت بە ئوردن دابین دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی هاوکاری ئابووری، نەک نەوتی بێ بەرامبەر وەک ئەو دەنگۆیانەی بڵاوکراوەتەوە.

قۆناغەکانی دابینکردنی نەوتی عێراق بۆ ئوردن

لە دوای ساڵی 2003، عێراق دەستی کرد بە دابینکردنی نەوت بۆ ئوردن لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی تایبەت کە نرخی داشکێنراو لەخۆ دەگرت، وەک بەشێک لە هاوکاری ئابووری نێوان هەردوو وڵات، چونکە ئوردن زۆر پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی وزە.

لە ساڵی 2014 بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە دابینکردنی نەوت وەستا، دوای ئەوەی داعش دەستیگرت بەسەر ناوچەیەکی فراوانی پارێزگای ئەنباردا کە بووە هۆی داخستنی ڕێگا وشکانییەکانی گواستنەوەی نەوت و داخستنی دەروازە سنوورییەکان و پچڕانی گواستنەوەی وشکانی و لە ئەنجامدا دابینکردنی نەوت بەتەواوی وەستا.

لە ساڵی 2019، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی نوێ واژۆ کرا بۆ دەستپێکردنەوەی دابینکردنی نەوت بۆ ئوردن، بە بڕێکی دیاریکراو کە 10 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا کە بە تانکەر دەگوازرێتەوە واتە هەناردەکردن دوای چەند ساڵێک ڕاگرتن دەستی پێکردووەتەوە.

قەبارەی نەوتی عێراق بە بەراورد بە بەکاربردنی ئوردن

خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تێکڕای بەکارهێنانی نەوتی ڕۆژانەی ئوردن نزیکەی 127 هەزار بەرمیلە، و بۆ پڕکردنەوەی زۆرینەی پێداویستییەکانی پشت بە هاوردە دەبەستێت و هاوردەکردن نزیکەی 90٪ی کۆی خواستی سووتەمەنی پێکدەهێنێت.

ئەم بڕە لە بازاڕە جیهانییەکانەوە هاوردە دەکرێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ئوردن بۆ جۆرەها سووتەمەنی وەک بەنزین و دیزل و سووتەمەنی قورس و نەوتی سپی، هەروەها غازی شل.

لەلایەکی ترەوە، ڕۆژانە تەنها 10 هەزار بەرمیل لە عێراق وەردەگرێت کە دەکاتە نزیکەی 7٪ بۆ 8٪ ی کۆی بەکارهێنان، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئوردن بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە نەوتی عێراق نابەستێت، بەڵام بەشێکی سنووردار لە تێکەڵەی وزەی پێکدەهێنێت.

ڕەوشی ئێستای ڕێککەوتنەکه

ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئوردن هەمیشەیی نەبوو، بەڵکو ناوبەناو (زۆرجار ساڵانە) نوێ دەکرێتەوە، ئەوەش بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق، دوایین نوێکردنەوە تا 31 کانوونی یەکەمی 2025 کارپێکراو بوو، و تا ئێستا هیچ داتایەکی فەرمی نییە کە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە پشتڕاست بکاتەوە، واتە ڕێککەوتنەکە کاتییە و هەمیشەیی نییە و بەپێی پێداویستی و تێگەیشتنی سیاسی نوێ دەکرێتەوە و بەسەرچوونی یاداشتنامەکە واتە جێبەجێکردنی بەشێوەیەکی کاتی ڕادەگرێت.

جێی ئاماژەیە وەزارەتی وزەو سەرچاوە کانزاییەکانی ئوردن ڕایگەیاندووە کە ئوردن لەگەڵ عێراق گفتوگۆ دەکات بۆ نوێکردنەوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات بۆ هاوردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ساڵێکی دیکە، ئەمە دوای بەسەرچوونی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی پێشوو دێت لە 26ی حوزەیرانی 2025 کە تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو درێژکرابووەوە.

ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەکی گرنگە: ئەگەر نەوت بە خۆڕایی دابین بکرایە، پەیوەندی بە گرێبەستی کاتی و نوێکردنەوەی وەرزی نەدەبوو، بۆیە ئەو بانگەشەیەی کە ئوردن نەوتی بەخۆڕایی لە عێراق وەردەگرێت بانگەشەیەکی چەواشەکارانە و هەڵەیە و لەسەر بنەمای هیچ بنەمایەکی فەرمی نییە.