ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە ساتی ڕاکردنی هێزەکانی حکومەتی سوریایە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ڕاکردنی میلیشیاکانی دیکتاتۆر بەشار ئەسەد لە حەلەب، لە ترسی هێرشی بەرفراوانی سوپای سوریای ئازاد".

ڕاستییەکە
ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە کۆنە، پێشتر لەلایەن هەژمارێکی ئەفغانی بڵاوکراوەتەوە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس لە بەرواری 29ی تەمموزی 2023، لەگەڵ دەقێکی پشتۆنی بە واتای (ڕۆژی ڕاکردن)، ئەوەش ئەوە ئیدیعایە ڕەتدەکاتەوە کە ڤیدیۆکە لە سوریا بێت.

بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە لەگەڵ ئەو ئیدیعا چەواشەکارانەیە دوای ئەوە دێت کە دەستەی تەحریری شام و کوتلە سورییە هاوپەیمانەکانی ڕۆژی شەممە دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری شاری حەلەب و فڕۆکەخانەکەیدا گرت لە باکوری سوریا، و پێشڕەوییان کرد لە دوو پارێزگای دراوسێی، لە چوارچێوەی هێرشێکی لەناکاودا کە وایکرد هێزەکانی حکومەت لە پێگەکانیان "بکشێنەوە"، ئەوەش بەپێی میدیای ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ.