ڕاستی ئەو وێنەیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە کوژرانی ئەلجۆلانی سەرۆکی دەستەی تەحریری شام (بەرەی نوسرە) پێشتر نیشاندەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ئەبو محەمەد جۆلانی سەرۆکی تەحریر شام کوژرا".

ڕاستییەکە

ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە کۆنە و دەستکاری کراوە، وێنە ڕەسەنەکە دەگەڕێتەوە بۆ کەسێکی بە ڕەگەز ئوردنی بەناوی (حازم حەمدان منێزل ئەبو رومان) ناسراو بە (ئەبو قەع قاع)، سەربە یەکێک لە ڕێکخراوە چەکدارەکانی سوریایە، لە ساڵی 2015 لە ڕوبەڕوبوونەوەی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سوریا کوژرا، واتا ئاو وێنەیە وێنەی جۆلانی نییە وەکو ئیدیعا کراوە.

دەستکاری ڕوخساری کەسەکە کراوە لە وێنە ڕەسەنەکە، کە پێشتر لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، هاوپێچی هەواڵی کوژرانی سەرکردەیەکی داعش کرابوو لە لە بۆردومانێکی هێزەکانی سوریا لە شاری قەریەتێن لە ڕۆژهەڵاتی حمس.

سەبارەت بە هەواڵی کوژرانی (ئەبو محمد جۆلانی) فەرماندەی باڵای گروپی چەکداری دەستەی تەحریری شام (بەرەی نوسرە) پێشتر، هەتاکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکمان نەدۆزیوەتەوە کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت.

بەو پێیەی ئەو دەستەیە یاخود هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی عەرەبی و جیهانی هەواڵی هاوشێوەی ڕانەگەیاندووە، لە کاتێکدا بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ (ڕامی عەبدولڕەحمان) ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هەواڵە ڕاست نییە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت کە فڕۆکەکانی ڕوسیا و سوریا هێرشی ئاسمانییان کردە سەر پێگەکانی ناسراو بە (ئۆپۆزیسیۆنی سوریا) لە پارێزگاکانی ئیدلب و حەلەب،ڕۆژی شەممە 30ی تشرینی دووەمی 2024، بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕوسیا بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی لەنێوان لایەنە ناکۆکەکان لە سوریا، لە ئەنجامی هێرشەکاندا نزیکەی ٣٠٠ کەس لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کوژراون.