ڕاستی گیانلەدەستدانی نەعیم قاسم ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئیسرائیل چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت " لە کردەیەکی سەربازی ئیسرائیل کەمێک لەمەوبەر بەرپرسی یەکەمی حزبوڵڵا نەعیم قاسم بەرپرسی یەكەمی ڕێكخراوی حزبوڵڵا کوژرا".

ڕاستییەکە
ئەو هەواڵە ساختەیە، بەو پێیەی تیمەکەمان لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامدا بۆ دڵنیابوون لە ڕاستی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەمینداری گشتی حزب وڵڵا (نەعیم قاسم) لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئیسرائیل، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکمان نەدۆزیەوە کە ڕاستی ئەو هەوڵە بسەلمێنێت، جا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنێکی فەرمی سوپای ئیسرائیلەوە بێت یاخود لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی هێزەکانی حزب وڵڵا.

بە پێی ئەو هەواڵەی ئەمڕۆ 28ی تشرینی دووەمی 2024 کەناڵی مەیادین بڵاویکردووەتەوە فەرماندەی فەیلەقی سوپای پاسدارانی ئیسلامی ئێران، جەنەراڵ حوسێن سەلامی نامەیەکی ئاڕاستەی قاسم کردووە بە بۆنەی، "سەرکەوتنی لوبنان بەسەر قەوارەی داگیرکەری ئیسرائیل".

بڵاوبوونەوەی ئیدیعای کوژرانی قاسم دوای ئەوەدێت کە فڕۆکە ئیسرائیلییەکان لە 23ی تشرینی دووەمی 2024 بۆردومانێکی چڕیان کردە سەر ناوچەی بەستا لە ناوەندی بەیرووتی پایتەختی لوبنان کە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی 8 نهۆمییان کردە ئامانج، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 11 کەس و برینداربوونی 63 کەس.

سەرۆکی ئەمریکا (جۆ بایدن) لە 26ی تشرینی دووەمی 2024 ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان کراوە، کە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2024 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.