ڕاستی ئەو وێنەیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە ڕوخساری ئەو ئافرەتە ئەوروپیە نیشاندەدات کە ڕوخساری پەیکەری ئازادی لەسەر دروستکراوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە کە پەیکەری ئازادی نیشاندەدات لەگەڵ وێنەیەکی دیکە کە گوایە ئەو ئافرەتە نیشاندەدات کە ڕوخساری ئەو پەیکەرەی لەسەر دروستکراوە.

ڕاستییەکە
ئەو وێنەیە ڕاستی نییە، بەو پێیەی وێنەکە لەلایەن هونەرمەندی هۆڵەندی (باس ئۆتێرفیک) لە ساڵی 2020 بڵاوکراوەتەوە، لە بایۆ هەژماری ئینستاگرامەکەی ئاماژەی پێداوە کە گشت وێنەکان بە بەرنامەکانی زیرەکی دەستکرد دروستکراون.

جێی باسە پەیکەری ئازادی لە ژنێکی میسریەوە ئیلهامی وەرگیراوە کاتێک لە ساڵی 1869 حکومەتی میسر پێشنیاری دروستکردنی منارەیەکی کرد بۆ کەناڵی سویس، کە پەیکەرتاشی فەرەنسی فرێدریک (ئۆگست بارتۆڵدی) پەیکەری ژنێکی دیزاین کرد کە جلێکی درێژی لەبەرە و مەشخەڵێکی هەڵگرتووە، ناوی لێنا (میسر ڕۆژهەڵات ڕووناک دەکاتەوە) بەڵام بارودۆخی ئەو کاتەی میسر بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەکە.