ڕاستی ئەو کەشتیە چییە کە بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی بومەلەرزە و زریان؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "لە هەرشوێنێک ئەم کەشتیەت بینی دور بکەوەرەوە ئەم کەشتیە بومەلەرزەو زریان دروست دەکات".
ڕاستییەکە
ئەو ئیدیعایەی هاوپێچکراوە چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ئەو کەشتیە بەکاردێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و لە ساڵی 1999 دروستکراوە، و لە ژێر ئاڵای لیبێریا گەشت دەکات، واتا ئەو کەشتیە بۆ دروستکردنی زریان و بومەلەرزە نییە وەکو لە ئیدیعایەکە باسکراوە.
هەروەها کەشتی (KPS ONUR SULTAN) خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای (Karpowership) کە لە ئەستەنبوڵ دامەزراوە و لە ساڵی 1996 دەستیکردووە بە بەرهەمهێنانی کارەبا، بە یەکەم کۆمپانیای تایبەت دادەنرێت بۆ هەناردەکردنی کارەبا لە تورکیا.
جێی باسە وەزارەتی کارەبای عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای Karpowership واژوو کردووە بۆ جێگیرکردنی سێ کەشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە کۆی توانای بەرهەمهێنانی 520 مێگاوات، هەروەها عێراق یەکەم وڵاتە کە ئەو کۆمپانیایە کەشتی تێدا جێگیر بکات و یەکەم وڵاتیشە داوای کەشتی کارەبایی زیادە بکات.