ڕاستی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە تێیدا ئەنجامدەری هێرشەکەی سەر ترەمپ دەردەکەوێت؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و ماڵپەڕەکانی هەواڵدا، وێنەی و ڤیدیۆی گەنجێک بڵاوکراوەتەوە کە قژێکی قاوەیی درێژی هەیە و چاویلکەیەکی لە چاوە و جلێکی شینی لەبەردایە، لەگەڵ ئیدیعایەک هاوپێچکراوە کراوە گوایە ئەو کەسەیە کە هێرشی کردوەتە سەر سەرۆکی پێشوو ئەمریکا و کاندیدی ئێستا (دۆناڵد ترەمپ).

ڕاستيه‌كه‌

ئەو ئیدیعایەی هاوپێچکراوە چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ئەو کەسەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت و دەڵێت "ڕقم لە کۆمارییەکان و ترەمپە"، هێرشکەرەکەی سەر ترەمپ نییە بەڵکو کەسێکی دیکەیە کە شێوەی لەو دەچێت، و ئەو ئیدیعایە ساختەیەی کردووە.

سەرەتا وێنەیەکی خۆی لەسەر هەژمارەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردووەتەوە بەناوی (Jewgazing) دوای ئەوە ناوی هەژمارەکەی گۆڕیوە و لە ئێستادا کردوویەتیە (poopy_tool_fan) لەگەڵ ئیدیعایەک کە وەریدەگێڕیت بۆ کوردی دەبێتە "ناسنامەی ئەو کەسە ئاشکرابوو کە تەقەی لە ترەمپ کرد".

لە دوای ئەوە ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە لەلای ئەوەوە تۆمارکراوە، تێیدا دەڵێت گوایە "ناوم تۆماس ماسیو کروکسە، ڕقم لە کۆمارییەکانە، ڕقم لە ترەمپە"، دوای ئەوە ئیدیعایەکی ساختەی کردووە و دەڵیت "بڵێن چی؟، کەسە هەڵەکەتان دەستگیر کردووە".

لە کاتێکدا (یەکەی سەپاندنی یاسا) کە پاسەوانی کردنی ترەمپیان لە ئەستۆ گرتبوو، دەمودەست هەستان بە کوشتنی ئەنجامدەری هێرشکەرە ڕاستییەکە کە ناوی (تۆماس ماسیو کروکس)ە،دوای ئەوەی ترەمپی بە ئامانجگرت.

لە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە لە ئیدیعاکانی ئەو گەنجەی گوایە هێرشەکەی ئەنجامداوە، گەشتین بە ئەرشیفی هەژمارەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، کە تێیدا پۆستێکی بڵاوکردوەتەوە دەڵێت: "ڤیدیۆیەک تۆماردەکەم لەوانەیە ببێتە هۆی دەنگدانەوەیەکی زۆر لەم ماڵپەڕە کە هێشتا وا دەزانن من هێرشەکەم کردووە".

هەروەها پۆستێکی دیکەی کردووە کە تییدا سەری سوڕماوە لە خێرایی بڵاوبوونەوەی وێنەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاماژەی پێداوە "برایان من دەلەرزم لە ئەنجامی یەکەم".

لە دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو، کشایەوە لەو وتانەی کە داویەتی، چەندین پۆستی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا ڕونیکردوەتەوە ئەو تۆمەتبارەکە (تۆماس ماسیو کروکس) نییە، و لە یەکێکیاندا دەڵێت "من تۆماس نیم، من تەقەکەرەکە نیم، من هیچ کەسێک نیم، کە ئەوەش بەسە بۆ ڕونکردنەوەی"، هەروەها پێش ئەوەی پۆستەکانی لە هەژمارەکەی ڕەشبکاتەوە لە پۆستێکدا دەڵێت "دەبێت گشت وێنە کەسیەکانم ڕەش بکەمەوە لە نزیکترین کاتدا".

سەبارەت بە وێنە و ناسنامەی هێرشبەرە ڕاستیەکە، نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ڕایگەیاند (تۆماس ماسیو کروکس) ناسنامەی هەڵنەگرتبوو، بۆیە لێکۆڵەران تەکنیکی DNA و ناسینەوەی ڕوخساریان بەکارهێنا بۆ دیاریکردنی ناسنامەی.

هەروەها ماڵپەڕی TMZ هەواڵی ئەمریکی، چەند وێنەو و ڤیدیۆیەکی بڵاوکردوەتەوە کە ساتی کوشتنی تەقەکەرەکە نیشان دەدات دوای بە ئامانجگرتنی ترەمپ، هەروەها وێنەیەکی بڵاوکردوەتەوە ڕوخساری بە خوێنەوەیە، کە بە ڕوونی دیارە ڕوخساری جیاوازە لەگەڵ ئەو گەنجەی ئیدیعا ساختەکەی کردووە، سەرەڕای ئەو هاوشێوە زۆرەی لە نێوانیان هەیە لە پرچ و ڕوخسار.

جێی باسە ترەمپ فیشەکێک بەر گوێچکەی ڕاستی کەوت لە کاتی پێشکەشکردنی وتاری کۆبونەوەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی پێنسلڤانیا، لە دوای ئەوە پاسەوانەکانی پاراستیان و گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانە.