ڕاستی ئەو وێنەیە چییە بڵاوکراوەتەوە گوایە کەسێک نیشاندەدات بەناوی (ساموێڵ هاید) کە تەقەی لە ترەمپ کردووە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەی گەنجێک بڵاوکراوەتەوە کە چەکێکی بەدەستەوەیە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت : "سەمۆئێل هاید، ئەو کەسەیە کە تەقەی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کرد و دواتر تەقەکەرەکە کوژرا".

ڕاستيه‌كه‌

ئەو وێنەیەی هاوپێچکراوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەکتەرێکی کۆمیدی ئەمریکی بەناوی (سام هاید)، ئەو وێنەیە لە ڤیدیۆیەک وەرگیراوە کە لە ساڵی 2016 لەسەر هەژمارێکی یوتیوب بڵاوکراوەتەوە بەناوی (Million dollar extreme)، لە کاتی تاقیکردنەوەی چەکدا.

بەپێی هەواڵێکی CNN، ئەو چەکدارەی هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندید ئێستای داوە لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێک لە گردبونەوەیەکی هەڵبژاردن لە ویلایەتی پێنسلڤانیا لە بەرواری 14 تەمموزی 2024دا، FBI ئاشکرایکرد کە ناوی (تۆماس ماسیو کروکس) و تەمەنی 20 ساڵە، و خەڵکی ویلایەتی پێنسلڤانیایە.

بەپێی ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە، شێوەی کروکس جیاوازە لەگەڵ ئەو وێنەیەی هاوپێچی ئیدیعاکە کراوە گوایە ناوی ساموێڵە و تەقەی لە ترەمپ کردووە.

ماڵپەڕی TMZ چاند وێنەیەکی کۆنی کروکس بڵاوکردووەتەوە لە تەمەنی لاویدا و چەند وێنەیەکی دیکە کە کڵاوی تەخەروجی لەسەرە.

هەروەها ئەو ماڵپەرە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا "کرۆکس دەردەکەوێت لەسەر سکی پاڵ کەوتووە لەسەربانی باڵەخانەیەک، چەکەکی ئاڕاستەی ترەمپ کردووە و تەقەی لێدەکات".