ئایا ڕاستە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەعرەجی لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە لە دوای بەدرۆ خستنەوەی ئەو ئیدیعایانەی ئێران کە باس لە هەبوونی بنکەی مۆساد لە هەولێر دەکەن؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی ئێرانی بەدرۆ خستەوە و وتی بنکەی مۆساد لە هەولێر نیە و ئێران ماڵێکی سڤیلی بۆردومان کردووە، دەنگۆی دوورخستنەوەی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڵاو بوەتەوە!، دەگوترێت لەیس خەزعەلی شوێنی 
دەگرێتەوە".

ڕاستییەکە
ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، بەو پێیەی تاکو ئێستا (قاسم ئەعرەجی) لەسەر کارەکانی ڕۆژانەی وەکو ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی بەردەوامە و تاکو ئێستا چالاکیەکانی وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بڵاودەکاتەوە، دوێنی پێنجشەممە لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس پۆستێک بڵاوکردەوە کە باس لە کارکردن دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی لێژنەی سەربازی عێراقی، کە دانوستان دەکات لەگەڵ هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندی گشتی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێش ئەوەش پۆستێکی دیکەی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا پێشوازی لە یاریدەدەری ئەمینداری گشتی ناتۆ و وەفدێکی یاوەری کردووە لە ڕۆژی سێشەممەی رابردوو.


هەروەها تاکو ئێستا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی یاخود دەزگاکانی راگەیاندن هیچ هەواڵێکی هاوشێوەیان بڵاونەکردوەتەوە.

بەو پێیە هەواڵی دورخستنەوەی (قاسم ئەعرەجی) ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی لە دوای لێدوانەکەی کە تێیدا گوتی" ئەو ئیدیعایانەی باس لە بە ئامانجگرتنی بنکەیەکی مۆساد دەکەن هیچ بنەمایەکی نییە "ڕاست نییە، ئەوەش بەپێی پۆستێک لەسەر هەژمارە فەرمیەکەی لە پلاتفۆرمی ئێکس دوای سەردانیکردنی ئەو شوێنەی کە بۆردومانکرا لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران لە هەولێر لە بەرواری 15 کانوونی دووەمی 2024، گوایە بنکەیەکی ئیسرائیلیان لە شارەکە بۆردومان کردووە.