ئایا هەواڵی کوشتنی قاسم موسلیح لە بۆردومانەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق ڕاستە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت " لەبۆردومانی ئەمشەوی ئەمریکا قاسم موسلیح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی حەشدی لە ئەنبار کوژرا".

ڕاستییەکە
ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، بەو پێیەی هەژماری فەرمی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە تێلیگرام ئەو هەواڵەی ڕەتکردوەتەوە و ڕونیکردوەتەوە کە"

ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە درۆیە و ڕاست نیە".


هەروەها چەند پەیجێک وێنەی پۆستێکیان داناوە گوایە لە لایەن (عەباس عەرداوی) هەواڵی کوشتنەکەی بڵاوکراوەتەوە بەڵام ئەو پۆستە ساختە بوو و عەباس عەرداوی ڕەتیکردەوە کە ئەو پۆستەی بڵاوکردبێتەوە، و گوتی "ئەو تویتەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە،موجاهید قاسم موسلیح سەرکردەیەکی عێراقی سەربەخۆیە و کاری پارێزگاریکردنە لە وڵاتەکەی و داوا لە خوای گەورە دەکەین بیپارێزێت لەگەڵ گشت موجاهیدەکان".

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت کە لە بەرواری ٣ شوباتی ٢٠٢٤ بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار بۆردومانکرا، ڕاگەیاندنی (لیوای ١٣ طفوف) چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە شوێنی بۆردومانەکە نیشان دەدات، پشتڕاستیان کردەوە کە" بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار لە عەکاشات ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و هەروەها بنکەی دروعی لیوای ١٣ طفوف لە عەکاشات لە ڕۆژئاوای ئەنبار بۆردومان کراون".


جێی باسە بۆردومانەکانی ئەمریکا وەک وڵامێکە بۆ کوشتنی ٣ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن، بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند بنکەیەک بوو لە عێراق و سووریا.